رووداو دیجیتاڵ
ئێران رەتیکردەوە بەهۆی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هیچ لێچوونێکی تیشکی لە بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز روویدابێت.
ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران لە راگەیێندراوێکدا، کە دەقەکەی لە ئاژانسی هەواڵیی 'ئیسنا' بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، "هیچ لێچوونێکی ماددە تیشکدەرەکان لە بنکەکە تۆمار نەکراوە، بەهۆی ئەو رێکارانەی پێشتر بۆ پاراستنی ئەو ماددانە گیراونەتەبەر. تۆمارەکانی سیستمی چاودێرییش هیچ لێچوونێکیان تۆمار نەکردووە."
سەرەڕای ئەوەش، بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز پێشتر بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە زیانی بەرکەوتووە.
ساڵی رابردووش بنکەی نەتەنز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لەژێر زەویدا، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرابووە ئامانج، بنکەکە یەکێک بوو لە دەیان ناوچەی دیکە کە لە جەنگە 12 رۆژییەکەی ساڵی رابردوودا هێرشی کرابووە سەر.
بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز دەکەوێتە پارێزگای ئەسفەهان، لەنێوان شارەکانی نەتەنز و کاشان، بنکەکە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری نەتەنز دوورە.
نەتەنز بە سەرەکیترین و گرنگترین بنکەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران دادەنرێت، ئەم بنکەیە بەشێکی لە سەرووی زەوییە و بەشێکی گەورەشی لە ژێر زەویدایە، بۆئەوەی لە هێرشی ئاسمانی بپارێزرێت.
چەند زانیارییەک لەبارەی بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز:
- بنکەکە رووبەرەکەی نزیکەی 100 هەزار مەتر دووجایە.
- بەشە سەرەکییەکەی لە قووڵایی 8 مەتر تا زیاتر لە 20 مەتر لەژێر زەویدا دروستکراوە.
- دیواری کۆنکرێتی بە ئەستووریی 2.5 مەتر دەوری داوە.
- توانای لەخۆگرتنی دەیان هەزار سێنتریفیوجی هەیە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
نەتەنز چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی ئەلیکترۆنی و تەقینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ