سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت ترەمپ نامەی بۆ ناردوون و داوای "لەچەکداماڵین"ـی ئێران دەکات

08-02-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامی بۆ تاران ناردووە و داوای لێکردوون، دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی و چەکە پێشکەوتووەکانیان بن بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بگەنە رێککەوتن. 
 
رۆژی شەممە، لە پێشانگەیەکی سوپای پاسدارانی ئێران لە تاران، قالیباف لە گوتارێکدا گوتی "تەماشا بکەن ترەمپ چی نووسیوە: پرسەکە ئیدی ئەتۆمی نییە،" بەڵکو پەیوەندیی بە بەرنامەی "مووشەکی، چەکی ناهاوسەنگ و نائاسایی،" ئێرانەوە هەیە.
 
قالیباف دەشڵێت: "ئەمە واتە لەچەکداماڵینی کۆماری ئیسلامیی ئێران."
 
ترەمپ لە ئیدارەی یەکەمیدا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015ـی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە، کە ئامانج لێی سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بوو، لە کاردانەوەی ئەوەدا، ئێران قۆناخ بە قۆناخ دەستبەرداری پابەندییەکانی بوو و پوختەکردنی یۆرانیۆمی لە ئاستی کەرەستەی چەکی ئەتۆمی نزیککردەوە. 
 
دانوستاندنەکان لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن بۆ چالاککردنەوەی رێککەوتنەکە، هیچیان لێ سەوز نەبوو. 
 
4ـی ئەم مانگە، ترەمپ دووبارە سزای "ئەو پەڕی گوشار"ـی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە و داوای لێکرد، دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی بێت و لە دانوستاندندا بەشدار بێت بۆ ئەوەی "ئێرانێکی خۆشگوزەران" دروستبێت. 
 
قالیباف لەبارەی ئەو نامەیەی گوایە ترەمپ بۆ تارانی ناردووە، دەڵێت "ئەم کەسە هاتووە، پێشوەختە و تاکلایەنانە دەقێکی نووسیوە، هێشتا دەڵێت حەزناکەم ئەمانە جێبەجێ بکەم، بەڵام خۆتان وەرن و بە خواستی خۆتان قبووڵیبکەن،" قالیباف روو لە ترەمپ دەڵێت "دیارە تۆ باسی ریسواکردنمان دەکەی."
 
هەر رۆژی شەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، لەژێر سزاکاندا "هەرگیز لە پێگەی لاوازەوە ناچینە نێو دانوستاندن،" ئاماژەی بەوەشکرد، "خەڵکی ئێران بەوپەڕی بەرخودانەوە رووبەڕووی سزای ئەوپەڕی گوشار دەبنەوە" و، سزاکان "پووچەڵ دەکەنەوە." 
 
رۆژێک پێشتر، عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران گوتی، دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا "ژیرانە، دانایانە و شکۆمەندانە نییە."
 
تاران بە درێژایی چەندین مانگی رابردوو ئاماژەی بەوە دەکرد، ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە بە گوتەی خۆی، تەنیا بۆ دروستکردنی وزەیە، بەڵام قسەکانی عەلی خامنەیی کۆتاییان بەو ئاماژانە هێنا. 
 
دیار نییە دوای ئەمە چی روودەدات، بە تایبەتی کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ریفۆرمخوازی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، باسی نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا و دانوستاندان دەکرد. 
 
ئەم قسانەی لە تارانەوە دێن، هەموویان پێچەوانەی قسەکانی مانگی ئابی پاری خامنەیین کە باسی لەوە دەکرد، دەرگای دانوستاندنیان کراوەیە.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە