ئێران سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی 'نۆبڵ'دا سەپاند

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەیەکی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەر نێرگز محەممەدی، چالاکڤانی ناسراوی مافەکانی مرۆڤ و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بڕاندەوە.
 
رۆژی یەکشەممە 08-02-2026 مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگز محەممەدی رایگەیاند: "نێرگز بە تۆمەتی کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تاوان، سزای 6 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ماوەی 2 ساڵیش گەشتکردنی بۆ دەرەوەی وڵات لێ قەدەخە کراوە.
 
بەپێی گوتەی پارێزەرەکە، نێرگز محەممەدی هاوکات سزای یەک ساڵ و نیو زیندانیی دیکەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت" بۆ دەرچووە. جگە لەوەش، دادگە بڕیاری داوە بۆ ماوەی 2 ساڵ بۆ شاری (خوسف) لە پارێزگەی خۆراسانی باشوور (رۆژهەڵاتی ئێران) دووربخرێتەوە. بەپێی یاساکانی ئێران، سزاکان بەیەکەوە و لە یەک کاتدا جێبەجێ دەکرێن.
 
مستەفا نیلی هیوای خواست بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیی نێرگزەوە، بە کەفالەت بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بکرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر. گوتیشی، ئەم بڕیارانەی دادگە کۆتایی نین و دەتوانرێت تانەیان لێ بدرێت.
 
نێرگز محەممەدی 53 ساڵ، لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا چەندین جار دەستگیرکراوە و سزادراوە، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دژی "سزای لەسێدارەدان" و "حیجابی زۆرەملێ" لە ئێران. محەممەدی زۆربەی 10 ساڵی رابردووی لە پشت شیشەکانی زیندان بەسەر بردووە و لە ساڵی 2015ـەوە منداڵە دووانەکانی پێ نەبینیوە، کە ئێستا لە پاریس دەژین.
 
لە کانوونی یەکەمی 2024دا، نێرگز بۆ ماوەی 3 هەفتە بە هۆکاری پزیشکی ئازاد کرا دوای ئەوەی نەشتەرگەریی لادانی گرێ و چاندنی ئێسکی بۆ کرا، بەڵام دواتر گەڕێندرایەوە بۆ زیندان. تەنانەت لەناو زیندانیشدا، ئەو هەمیشە خەریکی خۆپێشاندان و مانگرتن بووە.
 
نێرگز محەممەدی لە ساڵی 2023 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا. لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا خۆی لە زیندان بوو، بۆیە منداڵەکانی لە جیاتی ئەو خەڵاتەکەیان وەرگرت. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک لێبووردنی نێودەوڵەتی (Amnesty) دەڵێ، ئێران ساڵانە لەدوای چین زۆرترین سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا جێبەجێ دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە