دانانی رێبەری نوێ لە ئێران؛ ترەمپ دەڵێ بە رەزامەندی ئێمە بێ و ئێران رەتیدەکاتەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەیەک زیاترە ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کۆنەبووەتەوە، قسەی یەکەمی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ بۆردوومانەکانی سەر وڵاتەکە دەستنیشانکردنی رێبەرە، ئێران رەتی دەکاتەوە هیچ کەس و وڵاتێک دەستی هەبێ لە دیاریکردنی رێبەر، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێ دەبێ رێبەری نوێ بە رەزامەندی ئێمە دەستنیشان بکرێ .
 
یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان کە لایەنی پەیوەندیدارە بە هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ بۆ وڵات، بە ئاژانسی (میهر)ی راگەیاند کە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەسەر پاڵێوراوێک بۆ جێگرەوەی خامنەیی یەکلابوونەتەوە.
 
محەممەد مەهدی میرباقری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاشکرای کرد کە زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لەسەر ئەو کەسایەتییەی جێی رێبەری پێشوو دەگرێتەوە بە تەوافوق گەیشتوون. بەڵام هاوکات گوتیشی کە "هەندێ ئاستەنگ" هێشتا لە پێش پرۆسەکەدا ماون.
 
ئەنجوومەنی شاڕەزایانی رێبەری: بەمنزیکانە رێبەری نوێ دەستنیشاندەکرێ
 
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شاڕەزایانی ڕیبەریی ئێران رایگەیاند، لە کاتێکی نزیکدا سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رادەگەیەنرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی ئاداری 2026، ئایەتوڵڵا حوسێنی بووشێهری، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی شاڕەزایانی رێبەری ئێران رایگەیاند، کارەکانی هەڵبژاردن و راگەیاندنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە باشی بەڕێوەدەچن و بەم نزیکانە رێبەری نوێ رادەگەیەنرێت.
 
حوسێنی بووشێهری بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی دەڵێت: "ئەنجوومەنی شاڕەزایانی رێبەری لە کاتێکی نزیکدا راپۆرتی کۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن و ناساندنی سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو دەکات و بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت."
 
ئیسرائیل هەڕەشە دەکات
 
لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێن ناسنامەی رێبەری نوێی ئێران ئاشکرا بکرێ لەنێو ئەو چەند کەسایەتییەی نێویان لە میدیاکانەوە وەکو پاڵێوراوی بەهێز بڵاودەکرێتەوە، سوپای ئیسرائیل هەڕەشەی ئەوە دەکات کە بەردەوام دەبن لەسەر راوەدوونانی هەر جێگرەوەیەکی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی. سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی هەرکەسێک هەوڵی دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ رێبەری ئێران بدات".
 
بەیاننامەکە هۆشداری دەدات لە بەئامانجگرتنی ئەنجوومەنی شارەزایان کە دەیەوێ لە شاری قوم بۆ هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ کۆببێتەوە. گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش لەوبارەوە گوتی: "دوودڵ نابین لە بەئامانجگرتنی هەر کۆبوونەوەیەک بە مەبەستی دیاریکردنی رێبەری نوێ".
 
رۆژی شەممە (حەوتی ئادار) حوسێن موزەفەری کە یەکێکە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان، ئەوەی راگەیاند کە کۆبوونەوەی دەستنیشانکردنی رێبەری نوێ لە ماوەی 48 کاژێری داهاتوودا بەڕێوەدەچێت.
 
لەنێو ئەوانەی ناویان وەکو پاڵێوراوی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی رێبەری پێشوو دێت، موجتەبا خامنەیی کوڕی دووەمی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی هەرە دیارترینیانە.
 
ئاشکرابوونی ناوی رێبەری نوێ کاریگەرییەکی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئاراستەی ئەو جەنگە تووندوتیژەی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەوە.
 
ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ قەبوڵکردنی ئەو رێبەرە و مامەڵەکردن لەگەڵی، کۆمەڵێک مەرجی هەیە. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ وەکو پێشگیرییەک لە هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی کە پێگەیەکی بەهێزی لەنێو سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیدا هەیە، پێشتر ئەوەی راگەیاندووە کە ئەوان موجتەبا قەبوڵ ناکەن.
 
سەرۆک ترەمپ، رۆژی هەینیی رابردوو لە هەڤپەیڤینێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی لەبارەی ئەگەری پەسەندکردنی سەرکردەیەکی ئایینی لە ئێران گوتی: "دەکرێ. مەبەستم ئەوەیە پشت بەوە دەبەستێ کە کێ دەبێت". 
 
لەبارەی ئەوەش کە ئایا مەرجە سەرکردایەتیی داهاتووی ئێران دیموکراسی بێت، گوتی: "نەخێر، من دەڵێم دەبێت سەرکردەیەک بێت دادپەروەر بێت و کارێکی باش بکات، مامەڵەی باش لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات، چونکە ئەوان هەموویان هاوبەشی ئێمەن."
 
بەڵام وێڕای ئەم هۆشدارییە، هەندێک ئاماژەی ئەوتۆ هەن کە وا دەردەخەن نێوەندی بڕیار لە ئێران بە ئاراستەی دیاریکردنی رێبەرێک دەڕۆن واشنتن خۆشحاڵ ناکات.
 
موحسین حەیدەری کە ئەویش لە ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانە، ئەمڕۆ (یەکشەممە) لە پارچە ڤیدیۆیەکدا کە (نور نیوز) بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێت کۆبوونەوەی ئەنجوومەن بە ئامادەبوونی ئەندامانی بۆ دەنگدان لەسەر پاڵێوراوی کۆتایی، لەسایەی ئەم بارودۆخەی ئێستادا کارێکی زەحمەتە.
 
حەیدەری باس لەوە دەکات کە ئەو پاڵێوراوەی کۆدەنگیی زۆرینەی ئەندامانی لەسەرە، لەسەر بنەمای ئامۆژگارییەکی رێبەر خامنەیی دەستنیشان کراوە، ئامۆژگارییەکەش ئەوە بووە کە پاڵێوراوی ئەو پۆستە دەبێت کەسێک بێت "لای دوژمن" خۆشەویست نەبێت.
وەکو ئاماژەیەکیش بۆ ناسنامەی ئەو جێگرەوەیە، موحسین حەیدەری دەڵێت "تەنانەت ئەمریکاش ناوی هێنا".
 
مەبەستی حەیدەری ئەو قسەیەی دۆناڵد ترەمپ بوو کە گوتی موجتەبا لای ئەوانەوە قەبوڵکراو نییە.
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند:" پێویستە ئەو (رێبەری نوێ) رەزامەندی لە ئێمە وەربگرێت. ئەگەر رەزامەندیی ئێمەی لەسەر نەبێت، زۆر نامێنێتەوە.
 
لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و لەپاش مەرگی ئایەتوڵڵا خومەینیی دامەزرێنەرییەوە، ئەمە دەبێتە جاری دووەم کە تێیدا رێبەرێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە هەڵدەبژێردرێ.
 
دیارترین پاڵێوراوەکانیش بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە، بریتین لە: موجتەبا خامنەیی کوڕی رێبەری پێشوو. عەلی رەزا ئەعرافی، ئەندامی ئێستای ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کاتی. حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران. حەسەن خومەینی، یەکێک لە دیارترین نەوەکانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئایەتوڵڵا خومەینی.
 
رێبەر چۆن هەڵدەبژێردرێت ؟ 
 
پەککەوتنی کۆبوونەوەکانی ئەم ئەنجوومەنە لە کاتێکدایە ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی تاران بۆردوومان دەکەن. هەفتەی ڕابردوو باڵەخانەی پێشووی پەرلەمان لە تاران کە شوێنی کۆبوونەوەی شارەزایانی رێبەریی بوو، لەگەڵ باڵەخانەی سکرتارییەتی ئەنجوومەنەکە لە شاری قوم، بۆردوومان کران.
 
هەرچەندە سەرەتا بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند باڵەخانەکان چۆڵ بوون، بەڵام بڵاوبوونەوەی وێنەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی سکرتارییەتەکە، قەبارەی زیانە مرۆییەکانی ئاشکرا کرد. 
 
ئێستا ئێران لە نێوان هەڕەشە سەربازییەکانی دەرەوە و بۆشاییەکی گەورەی دەسەڵات لە ناوخۆدا، چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات کە چارەنووسی کورسیی ڕێبەرییەکەی تێدا یەکلا ببێتەوە.
 
بەپێی ماددەی 107ی دەستووری ئێران؛  ئەرکی هەڵبژاردنی رێبەر لە ئەستۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییە.
 
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 88 ئەندام پێکهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی رێبەر، پێویستە لانیکەم 59 ئەندام ئامادەی دانیشتنەکە بن و لەدانیشتنەکەشدا هەر کەسێک توانی دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووانی دانیشتنەکەی ئەنجوومەن بەدەست بێنیت، دەبێتە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
لە 47 ساڵەی تەمەنی کوماری ئیسلامیدا، یەکەمینجارە پۆستی رێبەری باڵای ئێران کە بەپێی دەستوور خاوەن دەسەڵاتی رەهای سیاسی و ئایینییە، بەتاڵ ماوەتەوە.
 
بەهۆی هێرشەکانی سەر بارەگای سەرەکی و نووسینگەی قومی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران لە رۆژانی دووشەممەو سێشەممەی هەفتەی رابردوو و هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، تا ئێستا ئەنجوومەنەکە کۆنەبووەتەوە.
 
کاتێک لە 3.6.1989 ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنەر و یەکەمین رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی کۆچیی دوایی کرد، لەماوەی کەمتر لە 24 کاژێر عەلی خامنەیی لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری وەکو دووەمین رێبەری باڵا هەڵبژێردرا.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی لاریجانی و موجتەبا خامنەیی

لاریجانی بۆ موجتەبا خامنەیی: لە جەنگدا ئەوپەڕی جیدیبوونم دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانت

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، لە بارودۆخی هەستیاری جەنگدا، بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی رێبەر ئەوپەڕی هاوکاری و جیدیبوونی دەبێت