وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی ترەمپ دەداتەوە: تاوەکو هێرشەکان بەردەوام بن، هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ نییە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە یانزەیەمین رۆژی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تووندی وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکای دایەوە لەبارەی گۆڕینی نەخشەی ئێران و رایگەیاند، تاوەکو هێرشە سەربازییەکان بەردەوام بن، هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆکردن نییە. هاوکات وەزارەتەکە پەیمانی خۆی بۆ رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی ئاداری 2026، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی خۆیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بۆ "گۆڕینی نەخشەی ئێران" و "پلان بۆ دابەشکردنی وڵاتەکە"، گوتی، "ئیرادەی گەلی ئێران پێوەرە، نەک ئیرادەی بیانییە شەڕانگێزەکان. سەرۆکی ئەمریکا وا قسە دەکات وەک ئەوەی زەویی هەموو جیهان، موڵکی ئەوان بێت و مامەڵەی پێوە بکەن."
 
بەقایی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئەمریکا تەنیا لاوازکردن و دابەشکردنی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە نەوتییەکانە، بەڵام "ئێران گۆڕستانی خەون و خەیاڵی بیانییەکان بووە و دەبێت."
 
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راگەیێندراوێکی وەزارەتەکەی خوێندەوە، تێیدا پیرۆزبایی لە دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد و رایگەیاند، سەرجەم دیپلۆماتکارانی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوە "پەیمان بە رێبەری نوێ دەدەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان."
 
لەسەر ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا، بەقایی بە تووندی رەتیکردەوە و گوتی، "ئێمە لە یانزەیەمین رۆژی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلداین. ئێمە جەنگمان دەستپێنەکردووە، بەڵکو لە کاتی گفتوگۆدا بووین کە جەنگمان بەسەردا سەپێندرا. لەم دۆخەدا کە هێرشی سەربازی بەردەوامە، قسەکردن لەسەر هەر شتێک جگە لە بەرگری و وەڵامدانەوەی تووند، هیچ بایەخێکی نییە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە وڵاتەکەی هێرشی کردبێتە سەر وڵاتانی دراوسێ و گوتی، "لەبارەی کۆماری ئازەربایجان، تورکیا و قوبرسەوە سوپای ئێران بە فەرمی رایگەیاندووە کە هیچ هێرشێک لە خاکی ئێرانەوە یان لەلایەن هێزەکانی ئێمەوە نەکراوەتە سەریان."
 
ئاشکراشی کرد، شەوی رابردوو سەرۆککۆماری ئێران و ئازەربایجان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی باشیان هەبووە و ئەو بابەتەیان روونکردووەتەوە. بەڵام هۆشداریشیدا کە "ئەگەر هەر هێرشێک لە هەر شوێنێکەوە بکرێتە سەر ئێران، وەڵامی یاسایی و رەوامان دەبێت."
 
بەقایی ئەمریکای بە "تاوانی جەنگ" تۆمەتبار کرد، بەتایبەتی لە بابەتی بەئامانجگرتنی کەشتیی جەنگیی "دێنا". لەم بارەیەوە گوتی: "کەشتیی دێنا چەندین میل لە ناوچەی جەنگەوە دوور بوو. بەئامانجگرتنی ئەم کەشتییە رووی ئەڵمانیای نازیی سپی کردەوە؛ کاتی خۆی نازییەکان کەشتییە ئینگلیزییەکانیان نوقم دەکرد و یارمەتیی بریندارەکانیان دەدا، کەچی ئەمریکا رێگریی کرد لەوەی یارمەتیی دەریاوانە بریندارەکانی ئێمە بدرێت. ئەمە پێشێلکردنی سەرجەم رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە."
 
لەبارەی زیانە سڤیلییەکانیشەوە ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر قوتابخانەی میناب و دامەزراوە نەوتییەکان کرد و رایگەیاند کە قسەکانی ئەمریکا لەبارەی یارمەتیدانی گەلی ئێرانەوە "فێڵ و درۆیەکە" و گوتی: "زۆر قێزەونە کە تەنانەت بەرپرسیارێتیی کوشتنی خەڵکی سڤیل لە ئەستۆ ناگرن."
 
لە کۆتاییدا گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەخنەی تووندی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گرت بەوەی کە "کەوتووەتە ژێر هەژموونی ئەمریکا و نەیتوانیوە ئەرکی خۆی جێبەجێ بکەت." هەروەها رەخنەی لە وڵاتانی ئەورووپایی گرت کە بە گوتەی ئەو، "زیاتر خەمی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییانە نەک گیانی مرۆڤەکان" و، هۆشداریدا کە "بێدەنگی بەرامبەر بەم ستەمە، دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتانی بێدەنگ ببنە هاوبەشی تاوانەکە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی لاریجانی و موجتەبا خامنەیی

لاریجانی بۆ موجتەبا خامنەیی: لە جەنگدا ئەوپەڕی جیدیبوونم دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانت

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، لە بارودۆخی هەستیاری جەنگدا، بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی رێبەر ئەوپەڕی هاوکاری و جیدیبوونی دەبێت