رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران، موجتەبا خامنەیی، کوڕی عەلی خامنەیی وەک رێبەری نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد. ئەم بڕیارە پاش هەفتەیەک لە کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دێت.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 9ـی ئاداری 2026، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە راگەیێندراوێکدا دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەیی، تەمەن 56 ساڵانی وەک سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند.
کۆتاییهێنان بە مشتومڕەکان
دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی لەکاتێکدایە، چەندین ناوی دیکە وەک بەربژێر بۆ ئەو پۆستە دەهاتن، لەوانە: عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی ئەنجوومەنی کاتیی بەڕێوەبردنی وڵات؛ موحسین ئەراکی، کەسایەتیی تووندڕۆ و تەنانەت حەسەن خومەینی، نەوەی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی.
بەڵام ئەنجوومەنەکە دواجار بڕیاری لەسەر موجتەبا خامنەیی دا، بەوەش سیستمە سیاسییەکەی ئێران بەرەو "گواستنەوەی میراتیی دەسەڵات" هەنگاوی نا، شێوازێک کە عەلی خامنەیی لە ساڵی 2024دا بە فەرمی رەتیکردبووەوە و شۆڕشی ئێرانیش هەر بۆ کۆتاییهێنان بەو جۆرە دەسەڵاتە شاهانەییە بەرپا ببوو.
موجتەبا خامنەیی کێیە؟
موجتەبا خامنەیی لە 8ـی ئەیلوولی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایکبووە، یەکێکە لە 6 منداڵەکەی عەلی خامنەیی. موجتەبا تاوەکو ئێستا هیچ پۆستێکی فەرمی لە حکومەتدا نەبووە، بەڵام بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی پشت پەردەی بڕیارە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێران دادەنرا.
موجتەبا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لەگەڵ سوپای پاسداران هەیە. مێژووی ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی لە بەرەکانی جەنگی نێوان عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا.
سزاکانی ئەمریکا و تۆمەتەکان
لە ساڵی 2019دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا سزای بەسەر موجتەبا خامنەییدا سەپاند. واشنتن ئەو کات رایگەیاند، ئەو "بە نوێنەرایەتیی رێبەری باڵا کار دەکات" و بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتییەکانی باوکی پێ سپێردراوە بۆ "سەرکوتکاریی ناوخۆیی و جێبەجێکردنی ئەجێندا تێکدەرانەکانی ناوچەکە".
نەیارانی دەسەڵاتی ئێران، موجتەبا بەوە تۆمەتبار دەکەن دەستی هەبووە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2009 کە پاش هەڵبژاردنەوەی مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەریانهەڵدا.
هەروەها بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، سامانەکەی موجتەبا خامنەیی بە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە لەڕێگەی کۆمپانیا و وەبەرهێنان لە خانووبەرەی لوکس لە بەریتانیا، دووبەی و ئەورووپا کۆکراوەتەوە.
ئاستی ئایینی و دۆخی خێزانی
لە رووی ئایینییەوە، موجتەبا لە شاری قووم خوێندوویەتی و پلەی "حوجەتولئیسلام"ی هەیە، کە پلەیەکی ئایینیی ناوەندە و نەکراوە بە "ئایەتوڵڵا" کە باوکی و خومەینی هەیانبوو.
زەهرا حەداد عادل، هاوژینی موجتەبا و کچی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، ئەویش لە هەمان هێرشی ئاسمانیی هەفتەی رابردوودا لەگەڵ عەلی خامنەیی کوژرا.
هەڕەشەکانی ئیسرائیل
دەستنیشانکردنی رێبەری نوێ لە کاتێکی هەستیاردایە؛ ئیسرائیل هۆشدارییەکی تووندی داوەتە تاران و رایگەیاندووە: "دەستی ئیسرائیل دەگاتە هەر کەسێک کە ببێتە شوێنگرەوە و هەر کەسێکیش کە رێبەری نوێ دیاری بکات."
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کە لە 88 ئەندام پێکهاتووە، لە مێژووی خۆیدا تەنیا یەک جاری دیکە پرۆسەی گواستنەوەی رێبەری ئەنجامداوە، ئەویش لە ساڵی 1989 بوو کاتێک عەلی خامنەیی وەک شوێنگرەوەی روحوڵڵا خومەینی دیاریکرا.
دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران:
بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
گەلی شکۆمەند و ئازادی ئێرانی ئیسلامی، سڵاو و دروودی خوداتان لێ بێت.
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ شەهیدبوونی پێشەوای مەزن، حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما ئیمام خامنەیی و شەهیدانی دیکەی هێژا، بەتایبەتی فەرماندە باڵاکان و فیداکارانی هێزە چەکدارەکان و قوتابیانی قوتابخانەی شەجەرەی تەییبەی شاری میناب و سەرکۆنەکردنی دەستدرێژیی دڕندانەی ئەمریکای تاوانبار و رژێمی بێزراوی زایۆنی،ئاگادارتان دەکەینەوە، ئەم ئەنجوومەنە دەستبەجێ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهیدبوون و کۆچی مەلەکووتیی رێبەری دانای شۆڕشی ئیسلامی، سەرەڕای دۆخی سەختی جەنگ و هەڕەشە ڕاستەوخۆکانی دوژمنان دژی ئەم دامەزراوە جەماوەرییە و بۆردوومانکردنی نووسینگەکانی سکرتارییەتی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کە بووە هۆی شەهیدبوونی چەند کارمەندێک و تیمی پاسەوانیی ئەم ناوەندە، بۆ ساتێکیش لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ناساندنی رێبەری سیستەمی ئیسلامی درەنگی نەکرد، بەپێی ئەو ئەرکانەی لە دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی شارەزایاندا هاتووە، رێوشوێن و ئامادەکاریی پێویستی بۆ سازدانی کۆبوونەوەی نائاسایی و ناساندنی رێبەری نوێ خستە ناو بەرنامەی کاری خۆیەوە، هەر بۆیە پلاندانانی گونجاو و هاوئاهەنگی پێویست بۆ کۆبوونەوەی نوێنەرانی بەڕێزی ئەم ئەنجوومەنە کە لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتدان کرا، تاوەکو سەرەڕای پێشبینییە ژیرانەکانی ناو ماددەی 111ی دەستوور بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی کاتی، وڵات تووشی بۆشایی رێبەری نەبێت.
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بە بەرزنرخاندنی پێگەی باڵای ویلایەتی فەقیهـ لە سەردەمی غەیبەتی حەزرەتی وەلی عەسر (عجل الله تعالی فرجه الشریف) و گرنگیی پرسی رێبەری لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا، 47 ساڵ حوکمڕانیی دانایانە و لەسەر بنەمای شکۆ، سەربەخۆیی، بەهێزی و کارامەیی ئیمامانی شۆڕش بەرز رادەگرێت، وێڕای رێزگرتن لە یادی ئەو رێبەرە خودایی و جەماوەرییانە، رایدەگەیێنێت؛ ئەم ئەنجوومەنە دوای لێکۆڵینەوەی ورد و بەرفراوان و بەکارهێنانی تواناکانی ماددەی 108ـی دەستوور، بەگوێرەی ئەرکی شەرعی و بڕوا بە ئامادەبوون لەبەردەم خودای میهرەبان، لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەمڕۆدا( یەکشەممە 8-3-2028)، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی لەسەر بنەمای دەنگی زۆرینەی رەهای نوێنەرانی بەڕێزی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، وەکو سێیەم رێبەری سیستەمی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دیاریکرد و ناساند.
لە کۆتاییدا وێڕای سوپاسگوزاری بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی کاتیی مادەی 111ـی دەستوور، داوا لە هەموو گەلی شەریفی ئێران، بەتایبەتی بژاردە و رۆشنبیرانی حەوزە و زانکۆ دەکات بەیعەت بدەنە رێبەر و یەکڕیزی لە دەوری میحوەری ویلایەت بپارێزن ، ئەنجوومەن داوای بەردەوامیی فەزڵ و میهرەبانیی خوای گەورە بۆ ئەم وڵاتە و گەلە مەزنە لە بارەگای پەروەردگار دەکات.
والسلام علیکم و رحمة الله و برکاته
ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری
1404/12/17
سکرتارییەتی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ