رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی نایەوێت لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی و دراوسێ بکەوێتە شەڕەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هەر دەستدرێژییەک لە هەر خاکێکەوە بکرێتە سەر ئێران، بە "هێزەوە" وەڵامی دەدەنەوە.
مەسعود پزیشکیان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا روو لە گەلی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە گوتی: "دوژمن تێگەیشتنێکی کاڵفامانەی بۆ قسەکانی دوێنێمان هەبووە؛ ئەوان دەیانەوێت ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامی لە جەنگدا بین و دووبەرەکیمان تێبکەوێت، بەڵام ئامانجی ئێمە و رێبەری باڵا هەمیشە ئەوە بووە کە لەگەڵ دراوسێکانمان برا بین."
سەرۆککۆماری ئێران هۆشدارییەکی روونی دایە ئەو وڵاتانەی خاکیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنرێت و گوتی: "لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکرێتە سەر خاکمان، ناچارین وەڵام بدەینەوە. ئەم وەڵامدانەوەیە بەو واتایە نییە کە کێشەمان لەگەڵ ئەو وڵاتە یان گەلەکەی هەبێت، بەڵکو تەنیا وەڵامدانەوەی دەستدرێژییە و هەرچی گوشارەکان زیاتر بن، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێمەش زیاتر دەبێت."
پزیشکیان رەخنەی تووندی لە ئەمریکا و ئیسرائیل گرت و تۆمەتباری کردن بە کۆمەڵکوژی لە غەززە و گوتی: "ئەوانەی بەبێ ترس 168 منداڵی بێتاوان دەکوژن و لە غەززە 50 بۆ 60 هەزار مرۆڤ کۆمەڵکوژ دەکەن، شەرم ناکەن و دەیانەوێت بڵێن ئێران مرۆڤ دەکوژێت. ئایین و بیروباوەڕی ئێمە لە کوشتنی مرۆڤی بێتاوان بێزارە."
سەبارەت بە ئامادەکاریی ناوخۆیی، پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە چەکدارەکان و بەسیج لە هەموو شوێنێک ئامادەن بۆ بەرگری و گوتی: "ئەو خەونەی ئەوان بینیویانە، دەیشێوێنین. ئێرانی ئێمە بە ئاسانی بەرامبەر زۆرداری و ستەم سەری دانەنەواندووە و پاشەکشە ناکات."
لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران داوای یەکڕیزیی کرد و داوای لە هەموو لایەن و گرووپەکان کرد بە یەکدەنگی بێنە مەیدان: "ئێمە دەمانەوێت بەرگریی لە ئاو و خاکمان بکەین. سەرەڕای هەموو کێشە و نیگەرانییەکان، گەلی ئێمە لە هەر گرووپێک بن، پێکەوە دەوەستن و رێگە نادەین بستێک لە خاکمان داگیر بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ