رووداو دیجیتاڵ
لە ئێران مشتومڕ لەبارەی باڵاپۆشی بووەتە رۆژەڤێکی سەرەکی، بەشێک لە بەرپرسان پێیان وایە جێبەجێنەکردنی یاساکە باشترە لە جێبەجێکردنی.
محەممەدڕەزا باهونەر، ئەندامی کۆری دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران باس لەوە دەکات، "ئێستا سەردەمی ئەوەی کە فیلتەرکردنی ئەنتەرنێت هەبێ و بە فیلتەرکردن وڵات بەڕێوەببرێ یان بە یاسای باڵاپۆشیی ناچاریی وڵات بەڕێوەببرێ، بەسەرچووە"
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش چەندین جار رایگەیاندووە، ئامادە نییە یاساکە جێبەجێ بکات، چونکە بە دژی ویستی خەڵک ناوی دەبات و دەڵێ، حکومەت نایەوێ رووبەڕووی خەڵک ببێتەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەش نۆچوونی دیکەیان هەیە.
ئایەتوڵڵا مەکارم شیرازی، یەکێک لە مەرجەعە گەورەکانی شیعە لە ئێران لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ محەممەد قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە داوا دەکات، بە زووترین کات یاسای باڵاپۆشی بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە و سەرەتاش لە فەرمانگە و دامودەزگە حکومییەکانەوە دەست بە جێبەجێکردنی بکرێ.
ئەحمەد راستینە، پەرلەمانتاری شاری کورد لە پەرلەمانی ئێران ئاماژە بەوە دەدات، "بەڕێز داواکاری گشتی، ئەوانەی پەرە بە رووتی دەدەن، بەرگری لە رووتبوون دەکەن و دەڵێن چیدیکە یاسای باڵاپۆشی و داوێنپاکیمان نییە، لەگەڵ ئەوانەی کە خەڵکی لە جەنگ دەترسێنن، چ جیاوازییەکیان هەیە؟ هەردووکیان سیستمی ئیسلامییان کردووەتە ئامانج."
ئەحمەد زەیدئابدی، سیاسەتڤانی ریفۆرمخوازی ئێران دەڵێ، لە کاتێکدا جەنگ لە غەززە خەریکە تەواو دەبێ، رێککەوتنی ئەتۆمی نەماوە و دانوستاندن لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکاش شکستی هێناوە، تەنیا شتێک کە بە دەست نەریتخوازەکانەوە ماوە، دەستبردنە بۆ پرسی باڵاپۆشی.
یاسای باڵاپۆشی ساڵی 2023 لە لایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسندکرا و دوای ساڵێک ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووریش پەسندی کرد، بەڵام حکومەتی ئێران تاوەکو ئێستا ئامادە نییە یاساکە جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ