رووداو دیجیتاڵ
ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی و ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران کۆبووەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسی دۆخی سووریا و چەندین بابەتی دیکەی کردووە، هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردوونەتەوە کە لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەریگرتوون، ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت رۆژی 8ـی شوباتی 2025 سەردانی ئێرانی کردووە.
بەپێی میدیای تورکیا، لەو کۆبوونەوانەدا، رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە و داعش، هەڕەشە هاوبەشەکانی دژی هەردوو وڵات، دۆخی سووریا، ئاگربەستی غەززە و دۆخی فەلەستین بە شێوەیەکی فراوان تاوتوێ کراون.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانیش، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، پێشهاتەکانی ناوچەکە و دوایین دۆخی سووریا تاوتوێ کراون. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە تورکیا و ئێران لە چەندین بابەتدا خاوەنی بۆچوونی هاوبەشن.
هاوکات ئاژانسی فەرمیی تورکیا بڵاویکردووەتەوە، هەمان رۆژ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی بە تەلەفۆن قسەیان کردووە و باسی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دۆخی فەلەستینیان کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ