خۆپێشاندانەکانی ئێران بۆ زۆربەی شارەکان تەشەنە دەکات

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
بورجی میلاد لە تاران
بورجی میلاد لە تاران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

خۆپێشاندانەکانی ئێران کە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و گرانییەوە دەستیپێکرد، لە دوو هەفتەدا بەخێرایی بۆ زۆربەی شارەکان تەشەنەی کردووە. لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، دروشمەکان گۆڕاون و ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان پچڕاون یان سنووردار کراون.
 
نەفیسە موتڵەق، هاووڵاتییەکی ئێرانیی دانیشتووی ئیستەنبووڵە و بە نیگەرانییەوە هەوڵ دەدات هەواڵێک لەبارەی کەسوکارەکەی بزانێت. ئەو بە رووداوی گوت: "خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە جیاوازن، چونکە لە بازاڕەوە دەستیانپێکرد؛ بازاڕێک کە بە درێژایی مێژوو و تەنانەت لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو و ئێستاشدا پاڵپشتی لە دەسەڵات کردووە."
 
کاتێک لە ساڵی 1979 دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران رووخا، یەک دۆلار بە 7 تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام ئێستا نرخی یەک دۆلار گەیشتووەتە 145 هەزار تمەن؛ بەم پێیەش تمەن نزیکەی 20 هەزار هێندە بەهای خۆی لەدەستداوە. تەنیا لە ماوەی ساڵێکدا تمەن بەرامبەر دۆلار 65%ـی بەهاکەی لەدەستداوە و نرخی کاڵاش بە رێژەی 70% بەرزبووەتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە چەندین جار هۆشداری داوەتە تاران، لەبارەی دۆخەکەوە گوتی: "ئێران لە دۆخێکی خراپدایە و خەڵک کۆنترۆڵی چەند شارێکیان بەدەستەوە گرتووە کە تاوەکو چەند هەفتەیەک لەمەوبەر بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات."
 
ترەمپ هۆشداریش دەدات و دەڵێت: "بە وریاییەوە چاودێری دەکەین؛ زۆر بە تووندی گوتوومە ئەگەر دەست بە کوشتنی خەڵک بکەن وەک ئەوەی پێشتر کردوویانە، زۆر بە تووندی لێیان دەدەین."
 
قەیرانی ئابووریی ئێران دوای ئەوە قووڵتر بووەوە کە لە مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی، گەڕێندرانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە