جێگری سەرۆککۆماری ئێران: هێرش بکرێتە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، وەڵاممان دەبێ

11-06-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، ''لە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، وەڵامێکی تووندمان دەبێت و بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانیان دەکەینە ئامانج''.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-06-2025، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کە هاوکات جێگری سەرۆککۆماری وڵاتەکەیە، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا باسی لە ''رەوابوون''ـی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: ''لە ئەگەری هێرشی سەربازیی رژێمی زایۆنی بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانمان، تاران بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئەوان دەکاتە ئامانج.''
 
محەممەد ئیسلامی ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کرد کە تێیدا دۆسیەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەخرێتە بەر باس و گوتی: ''ئێمە هەمووکات دڵخوازانە و بە نیازێکی پاکەوە مامەڵەمان لەگەڵ ئاژانسەکە کردووە و هەوڵمان داوە ئەو روانینە نەرێنییەی بەرامبەر چالاکییە ئەتۆمییەکانمان هەیە بیگۆڕین، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوام لێکەوتەی پێچەوانەیان هەبووە.''
 
بەگوتەی سەرۆکی رێکخراوە ئەتۆمییەکە، هەوڵی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی سزا قورسەکان بۆ سەر ئێران ''نایاسایی'' دەبن و ''بۆیە ئەگەر ئەوان رێگەی دژایەتی بگرنەبەر، ئێمەش هەمان هەڵوێستمان دەبێت.''
 
قسەکانی محەممەد ئیسلامی لەکاتێکدان، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا بڕیارنامەیەکیان دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەدا بخرێتە دەنگدانەوە. خاڵی سەرەکیی بڕیارنامەکە گەڕاندنەوەی سزا قورسەکانە بۆ سەر ئێران، ئەویش بەهۆی ''پابەندنەبوون بە هاوئاهەنگیی تەواو'' لەگەڵ ئاژانسەکە.
 
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لەگەڵ ئەمریکا سوور بوون لەسەر سەرکۆنەکردنی ئێران. رۆژی 31-05-2025یش ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا ئێرانی سەرکۆنەکرد لە بەرامبەر ئەوەی کە وەک پێویست هاوئاهەنگی لەگەڵ نەکردووە و لە هەمان کاتدا تۆمەتباری کرد بەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی بە رێژەیەکی بەرچاو زیادکردووە. 
 
وڵاتانی رۆژئاوایی، بەتایبەتی ئەمریکا، لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران نیگەرانن و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا بەردەوام لە ئەگەری سنووردارنەکردنی پرۆگرامەکە، هەڕەشەی بۆردوومانکردن لە ئێران دەکات.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە