رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای چوارمحال و بەختیاری لە باشووری رۆژئاوای ئێران، پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، بیژەن تاهیری، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای چوارمحال و بەختیاری رایگەیاند، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناحیەی سەمسام سەر بە شاری کوهرەنگ و لە شوێنێک بە ناوی ملەی چری بووە، و مینی پاسێک لە رێگە دەرچووە و کەوتووەتە نێو دۆڵێک.
بەڕێوەبەری مانگی سووری چوارمحال و بەختیاری گوتی، لە رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوتەی بیژەن تاهیری، پێنج تیمی فریاکەوتنیان بۆ شوێنی رووداوەکە ناردووە و بریندارەکان لە لایەن تیمەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام رەزای شاری ئەردەل و ناوەندی تەندروستیی ناحیەی سەمسام گوێزرانەوە.
لە لایەکی دیکە، عیسا ئیبراهیمی، قایمقامی کوهرەنگ رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، رووداوەکە بەهۆی خلیسکانی رێگەکە و هەبوونی کێشەی تەکنیکی لە مینی پاسەکە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ