بەڕێوەبەری کەناڵێک بەهۆی دروشمی "مەرگ بۆ خامنەیی" لە پۆستەکەی لادرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران بەڕێوەبەری کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمیی لە کارەکەی دوورخستەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پەیامنێرێکی ئەو کەناڵە لە پەخشی راستەوخۆدا دروشمێکی دژی رێبەری باڵای وڵاتەکە گوتەوە. 
 
ئەم رووداوە لە کاتی یادکردنەوەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیدا بووە و بووەتە هۆی گرتنەبەری رێکاری تووند بەرامبەر تیمی پەخشی ئەو کەناڵە ناوخۆییە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران (IRIB) رایگەیاند، بەڕێوەبەری پەخشی کەناڵی "هاموون" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە پۆستەکەی لادراوە. 
 
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، رۆژی چوارشەممە 11ی شوبات لە کاتی گواستنەوەی راستەوخۆی رێوڕەسمەکانی 47ـەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی لەو پارێزگایە، موسعەب رەسووڵیزاد، پەیامنێری کەناڵەکە لە کاتی پەخشی راستەوخۆدا و لە کاتی وەسفکردنی قەرەباڵغی رێوڕەسمەکاندا، لە بری ئەوەی بڵێت مەرگ بۆ ئەمریکا یان مەرگ بۆ ئیسرائیل، گوتی "مەرگ بۆ خامنەیی" 
 
وێڕای دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری کەناڵەکە، دەزگاکە فەرمانی راگرتنی کارکردنی بۆ سەرپەرشتیاری پەخش و تیمی تەکنیکیی کەناڵەکە دەرکردووە. 
 
تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئەم بڕیارە بۆ پاراستنی دیسپلینی پیشەیی و پاراستنی ناوبانگی میدیا دراوە" و هەروەها رایگەیاند، "هەموو ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون، رووبەڕووی لێژنەی دیسپلین دەکرێنەوە."
 
هاوکات، پەیامنێرەکە لە ڤیدیۆیەکی دواتردا داوای لێبووردنی کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەوە تەنیا "هەڵەیەکی زمانەوانی" بووە و نەیارانی شۆڕش وەک بیانوو بەکاریان هێناوە. 
 
شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 بە رێبەری ئایەتوڵڵا خومەینی کرا و کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی لەو وڵاتەدا هێنا. 
 
لەو کاتەوە، دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی (IRIB) وەک تەنیا دەزگای فەرمیی پەخش لەژێر چاودێریی تووندی رێبەری باڵادا ماوەتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران

لاریجانی: هیچ پێشنیازێکی دیاریکراومان لە واشنتنەوە پێنەگەیشتووە

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی پڕۆسەی دانوستاندنەکان دەدات و هۆشداریش دەداتە ئەمریکا لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.