شاری ئەهواز لە باشوووری رۆژئاوای ئێران بۆردوومان دەکرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە بەردەوامیی هێرشەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند شوێنیک لە شاری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردوومان کراون و بەگوتەی شایتحاڵەکان دەنگی شەش تەقینەوە بیستراون.
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ی ئاداری 2026، چەند شوێنێکی سەربازی و ئەمنی لە ناوەندی شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان بە چڕی بۆردوومان کران.
 
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن خەڵکی ئەهوازەوە بڵاوکراونەتەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانیی شارەکەدا سووراوەتەوە و دەنگی شەش تەقینەوەی بەهێز لە شارەکە بیستراوە.
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، بارەگای لەشکەری 92ی ئەرتەش چەند جارێک بە چڕی بۆردوومان کراوە. هەروەها لە ناوچەکانی کیانشەهر و ئەمانییەی شارەکەش دەنگی تەقینەوەی بەهێز بیستراوە.
 
یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە لە تەلەگرام نووسیوویەتی: "نزیکەی کاژێر 7ی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، فڕۆکە جەنگی بۆ ماوەیەکی زۆر بە ئاسمانی شارەکەدا دەسورایەوە و دواتر دەنگی پێنج تاوەکو شەش تەقینەوە بیستران. تەقینەوەکان زۆر بەهێز بوون و لە ناوچەی ئەمانییە زۆر بە توندی هەستمان پێکرد."
 
تاوەکو ئێستا سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران هیچ زانیارییان لەبارەی دەنگی تەقینەوەکان و قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە