رووداو دیجیتاڵ
لە شاری شیرازی ئێران چەند بنکەیەکی سەربازی و پیشەسازیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە کرانە ئامانج.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەلایەن خەڵكی شیرازەوە بڵاوکرانەوە، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئاداری، کاژێر 7:55 خولەک، فڕۆکە جەنگییەکان بنکەی ئاسمانیی شیرازیان بۆردوومان کرد.
ئەو ناوچانەی بۆردوومانکراون نزیک فڕۆکەخانەی شیراز و ناوچەی شەقامی میحرابە و دووکەڵ لەو شوێنانەوە بەرزبوونەتەوە. یەکێک لە دانیشتووانی شارەکە دەڵێت: "سەرەتا دەنگی فڕۆکەی جەنگی هات و دواتر دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز، ئێستا دووکەڵ لە شەقامی میحراب دەبینرێت و چەند جارێک ئەو ناوچەیە بۆردوومان کراوە."
هەر بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکان تەنیا لە بەیانیی ئەمڕۆدا نەبوون و کاژێر 4ی بەرەبەیانیش تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەی پیشەسازییە ئەلیکترۆنییەکانی شیراز ناسراو بە سائیران روویداوە.
تاوەکو ئێستا سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر دەنگی تەقینەوەکان و قەبارەی زیانەکان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام شایەتحاڵان دەڵێن نزیکەی 8 جار دەنگی تەقینەوە لە ناوەندی شار و بنکەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری شارەکە بیستراوە.
جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە 13ـیەمین رۆژ، ئەمریکا و ئێران بە تووندی وەڵامی یەکدی دەدەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ