لێکۆڵینەوەی سوپای ئەمریکا: هێرشەکەی قوتابخانەی شەجەرە تەیبە بە هەڵە کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد تەڵعەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی سوپای ئەمریکا دەریخستووە واشنتن بەرپرسیار بووە لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران لە 28ـی شوبات دا لە شاری مینابی سەر بە پارێزگای هورمزگان.
 
بە گوێرەی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە زانیارییەکانی لە بەرپرسانی ئەمریکا و کەسانی ئاگادار لە لێکۆڵینەوەکە وەرگرتووە، هێرشەکەی 28ـی شوبات بۆ سەر قوتابخانەی "شەجەرە تەیبە" بەهۆی هەڵەیەکی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکاوە بووە لە دیاریکردنی ئامانجەکەدا.
 
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، لەو هێرشەدا لانیکەم 175 کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵ بوون، ئەمەش یەکێکە لە خراپترین هێرشی ئەمریکا لەو چەند ساڵەدا بۆ سەر خەڵکی سڤیل.
 
ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە قسەکانی تاران پشتڕاست دەکەنەوە، پێشتر ئێران ڤیدیۆی هێرشەکە و پارچەی مووشەکی ئەمریکی پێشان دابوو، بەڵام دۆناڵد ترەمپ گوتی ئێران خۆی لە باڵەخانەکەی داوە.
 
لێکۆڵینەوەکە هێشتا تەواو نەبووە، بەڵام دەرکەوتووە ئەفسەرانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامانجەکەیان بە پشتبەستن بە زانیاریی کۆنی ئاژانسی هەواڵگریی بەرگری داڕشتووە، ئەو قوتابخانەیەی هێرشەکەی کرایەسەر، لە شاری میناب بووە و لە تەنیشت باڵەخانەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران بووە.
 
پێش چەند رۆژێک ترەمپ رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە تەقاندنەوەی قوتابخانەکە و گوتی: "بەپێی ئەو شتانەی بینیومە، ئەوە کاری ئێرانە؛ چەکەکانی ئەوان زۆر بێسەروبەرن و ورد نین." بەڵام سەرۆکی ئەمریکا هیچ بەڵگەیەکی بۆ قسەکانی نەخستەڕوو.
 
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا تاوەکو ئێستا تەنیا دەڵێت: "رووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە." بەرپرسێکی سێنتکۆمیش رایگەیاندووە، ناتوانن قسە لەوبارەوە بکەن.
 
وێنە کۆنەکانی سەتەلایت پێشانی دەدەن هەرچەندە باڵەخانەی قوتابخانەکە جاران بەشێک بووە لە کۆمەڵگەی سوپای پاسداران، بەڵام لانیکەم 9 ساڵە بە دیوار جیاکراوەتەوە، نیشانەکانی قوتابخانە بە روونی بە باڵەخانەکەوە دیار بوون، وەکو تابلۆی رەنگاوڕەنگی سەر دیوار و گۆڕەپانی یاریی منداڵان.
 
هیچ بەڵگەیەک نییە لە کاتی هێرشەکەدا قوتابخانەکە بۆ کاری سەربازی بەکارهاتبێت، بەڵام شوێنەکەی کە لە تەنیشت بنکەیەکی سەربازییە، وایکردووە ئەمریکا یان ئیسرائیل وەکو ئامانج بیبینن.
 
ژمارەیەک ڤیدیۆی قوتابخانە بۆردوومانکراوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران بڵاوکرانەوە، گرووپی لێکۆڵینەوەی "بێلینگیات" لە رێگەی جوگرافیای شوێنەکەوە ڤیدیۆکانی پشکنیوە و پشتڕاستی کردووەتەوە کە مووشەکەکە لە ناوەندی سوپای پاسدارانی تەنیشت قوتابخانەکە کەوتووە.
 
شارەزایانی چەک دەڵێن، ئەو مووشەکەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، مووشەکی "تۆماهۆک"ـە. ئێن ئاڕ جێنزن جۆنز، بەڕێوەبەری دەزگەیەکی لێکۆڵینەوەی چەکەکە دەڵێت: "هێرشەکە ئەمریکا کردوویەتی، چونکە ئیسرائیل مووشەکی تۆماهۆکی نییە." هەروەها دەڵێت، ئەو مووشەکە بە هیچ شێوەیەک لە مووشەکی "سۆمار"ی ئێرانی ناچێت و جیاوازە.
 
دەزگەکەی جێنزن سەربەخۆیە و لێکۆڵینەوە و راوێژ بۆ حکومەت و رێکخراوەکان دەکات، ئەو دەڵێت: "لەلایەنەکانی جەنگدا تەنیا ئەمریکا ئەو چەکەی هەیە.''
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆردومانێکی سوپای ئەمریکا  وئیسرائیل بۆسەر شاری ئەهواز

شاری ئەهواز لە باشوووری رۆژئاوای ئێران بۆردوومان دەکرێت

لە بەردەوامیی هێرشەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە چەند شوێنیک لە شاری ئەهواز لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردوومان کراون و بەگوتەی شایتحاڵەکان دەنگی شەش تەقینەوە بیستراون.