وەڵامی ئێران بۆ ئەمریکا: بکوژە سەرەکییەکانی خەڵک ترەمپ و نەتەنیاهوون

دوێنێ کاژێر 08:26
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، وەڵامی دوایین لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و ناوی سەرکردەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی وەک "بکوژی راستەقینە" هێنا.
 
رۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، عەلی لاریجانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئێمە ناوی بکوژە سەرەکییەکانی خەڵکی ئێران رادەگەیێنین: 1- ترەمپ، 2- نەتەنیاهوو."
 
ئەم لێدوانەی لاریجانی وەک پەرچەکردارێک بوو بۆ پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا داوای لە خۆپێشاندەرانی دژ بە حکومەت کردبوو "ناوی بکوژ و ستەمکاران بپارێزن و تۆماری بکەن"، بەڵێنی ئەوەشی پێدابوون کە ئەو کەسانە لە داهاتوودا باجێکی قورس دەدەن.
 
گرژییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە ئەمڕۆ ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیەڵ پەیامێکی ئاراستەی "نیشتمانپەروەرانی ئێران" کرد و داوای لێکردن دەست بەسەر دامەزراوەکانی وڵاتدا بگرن. 
 
ترەمپ ئاشکراشی کرد کە هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و مەرجی دەستپێکردنەوەی بە وەستانی "کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران" داناوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بە بەکارهێنانی درووشمی "با ئێران مەزن بکەینەوە (MIGA)"، رایگەیاندبوو "یارمەتی لە رێگایە."
 
لەلایەکی دیکەوە و وەک ئاماژەیەک بۆ مەترسیی دۆخەکە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییانی کرد و رایگەیاند: "هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن." باڵیۆزخانەکە داوای لە ئەمریکییەکان کرد پشت بە حکومەت نەبەستن بۆ گواستنەوەیان و خۆیان پلانی دەرچوون دابنێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە