رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە تاران کۆبوونەوەیەکی گەورەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو، میدیای فەرمی داوای بەخشینی خوێن دەکات، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت، کوژرانی 646 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.
هەموو ئاژانس و کەناڵە چالاکەکان ئەم دیمەنانەیان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی لە نزیک پارکی "دانشجو"ی تاران کۆبوونەتەوە و دروشمی دژی دەسەڵات دەڵێنەوە.
دیمەنێکی دیکەی گۆڕستانی "بەهەشتی زەهرا" بڵاوکراوەتەوە؛ لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی قوربانییەکی خۆپێشاندانەکاندا خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە و دروشم دژی دەسەڵاتی ئێران دەڵێنەوە.
جگە لەو کۆبوونەوەیەی تاران، لە شارەکانی دیکە دیمەن و راپۆرتی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام لە چەند شارێک وەک گرووپی بچووک دیمەن هەن کە ئاگر لە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بەردەدرێت.
دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران کە تاکە میدیای چالاکە لە ئێران، داوای خوێن دەکات.
بەپێی میدیا فەرمییەکانی ئێران، رێکخراوی گواستنەوەی خوێن داوای لە خەڵک کردووە بچنە نەخۆشخانەکان و خوێن ببەخشن.
ئەم راپۆرتەی "سەدا و سیما"ی ئێران سەبارەت بە داوای بەخشینی خوێن، گومانی ئەوە دروست دەکات کە بەهۆی تووندوتیژیی زۆر لە خۆپێشاندانەکان و ژمارەی زۆری برینداران، رێکخراوی گواستنەوەی خوێن تووشی کەمیی خوێن بووبێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئامارێکی نوێی قوربانییانی خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، کوژرانی 646 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.
لەو ژمارەیە 133یان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن و ئەوانی دیکە خەڵکی مەدەنین. لە نێوان مەدەنییەکاندا، 9 منداڵ هەن. بەپێی ڕێکخراوی (HRANA)، راپۆرتی کوژرانی 579 کەسی دیکەش لەژێر هەڵسەنگاندن دان کە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە. سەبارەت بە دەستگیرکردنی خۆپێشاندەرانیش دەڵێت، دەستگیرکردنی 10 هەزار و 721 کەسیان پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی ئەو رێکخراوە، ناڕەزایەتییەکان تا رۆژی 16یەمیش بەردەوام بوون؛ لە چەند شوێنێک لە کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی خۆپێشاندەرە کوژراوەکاندا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچووە. دەڵێت، 606 کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە 187 شاردا هەبووە.
ئەو رێکخراوەی مافی مرۆڤ سەبارەت بە نەبوونی ئینتەرنێت دەڵێت، 100 کاتژمێر تێپەڕ بوو کە لە هیچ شوێنێکی ئێران ئینتەرنێت نییە و کارەکانی ئەوان بۆ بەدواداچوونی راپۆرت و زانیارییەکان زۆر سەخت بووە.
ژیانی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێران گەڕاوەتەوە ئەو کاتانەی کە هیچ هێڵێکی پەیوەندی نەبوو، ئەوەش بەهۆی سانسۆرکردن و لەکارخستنی هەموو پەیوەندییەکانی تەلەفۆنیی و داخستنی سێرڤەرەکانی هیڵی ئینتەرنێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دۆخی پەیوەندی و گوزەرانی خەڵک لەژێرگوشارێکی تونددایە. بەهۆی بڕانی تەواوەتی ئینتەرنێت هاونیشتمانییان نزیک لە سنوورەکان ناچارن بۆ پەیوەندییەکی کاتیی ئەویش لە ژێر ترس و دڵەراوکێ بچنە سەر سنوورەکان و بە سیمکارتی وڵاتانی دراوسێ پەیوەندی بکەن.
هەندێ لە هاونیشتیمانیان چوونەتە سەر سنوور بۆئەوەی پەیوەندییەکی سنوردار لەگەڵ دەرەوە بگرن. هەندێ لەوانی پێشتر هاتووچۆیان کردووە سیمکارتی دیکەیان هەیە و هەندێکی دیکە دەبێت لەرێگەی ناسراو و خزمەکانیان یانی سیمکارتەکانی ئەوان کە نهینی بۆیان دەجێت پەیوەندییە بگرن.
تەنانەت نابێت موبایلەکانیان هەمان ئەو ئامێرە بێت کە پێشتر سیمکاری ئێرانیی لەسەر بەکارهێندراوە، چونکە سریال نەمبەری دەگوازرێتەوە و ئاشکرا دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان حکومەت لە رێگەی ناردنی کورتەنامەوە (SMS) فەرمان بەخەڵک دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە ئەوەش لە ترسی ئەوەی کۆبونەوەی گەورە روونەدات و خۆپێشاندان نەکرێت. بە کورتی بەشێوەی جیاواز قەدەخەی هاتووچۆی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان لەناو شارەکاندا تەنیا لە کاتی رۆژدا کار دەکەن و بە شەوان بەتەواوی دەپچڕێن. کارکردنەکەش بۆ ئەوە لە خزمەتگوزاری کورتەنامەی بانکەکان بەکاربهێندرێت و وەرگرتنی کۆدی پارە راکێشان یان هەر مامەڵەیەکی بانکی ئەگینا نامەی ئاسایی لەهیچکەس بۆ کەسێکی دیکە ناڕوات.
دۆخێکی ئەمنیی تووند باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، خەڵکی ناوچەکە بەهۆی چاودێرییەکی تووندی ئەمنییەوە لە دۆخێکی پڕ لە ترسدا دەژین و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ناچارن دەستبەجێ نامە و پەیوەندییە دەنگییەکانیان بسڕنەوە.
ترەمپ بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئێران دەرکرد
سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئێران دەرکرد، هەرکەس و وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات، باجێکی قورسی بەسەردا دەسەپێندرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی کتوپڕ و تووندی ئابووری راگەیاند و هەڕەشەی سەپاندنی باجێکی قورس دەکات بەسەر هەر وڵاتێکدا کە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت.
ترەمپ لە پۆستێکی نوێدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "Truth Social" بڵاویکردووەتەوە: "لەم ساتەوە، هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات، دەبێت پێناسی گومرگی 25٪ بدات لەسەر هەر جۆرە بازرگانییەک کە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدات."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەم بڕیارە "کۆتاییە و یەکلاکەرەوەیە" و داوای لە هەموو لایەک کردووە کە بە جدی وەریبگرن.
ئەم هەنگاوە نوێیەی ترەمپ وەک بەشێک لە سیاسەتی "گوشاری زۆرینە" دەبینرێت بۆ دابڕینی تەواوەتی ئێران لە ئابووری جیهانی، بەجۆرێک کە وڵاتان ناچار دەکات لە نێوان بازاڕی گەورەی ئەمریکا و مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، یەکێکیان هەڵبژێرن.
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم بڕیارە کاریگەرییەکی گەورە دەکاتە سەر ئەو وڵاتانەی کە هاوبەشی بازرگانی ئەمریکا و ئێرانن لە هەمان کاتدا، بەتایبەت وڵاتانی چین، هیندستان و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا و دراوسێکانی ئێران.
ئەورووپا گوشارەکان لەسەر ئێران تووند دەکات
ئەورووپا گوشارەکان لەسەر ئێران تووند دەکات، ماکرۆن سەرکۆنەی "توندوتیژیی دەوڵەت" دەکات، باڵیۆزخانەکەی هەندێ فەرمانبەر و خێزانەکانیان دەکشێنێتەوە، پەرلەمانی ئەورووپا دەرگە بەووڕی دیپلۆماتەکانی ئێران دادەخات، بەلجیکا باڵیۆزی ئێران بانگ دەکات.
فەرەنسا فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران دەکشێنێتەوە
دوو سەرچاوەی ئاگادار راگەیاند، فەرەنسا فەرمانبەرە ناسەرەکییەکانی باڵیۆزخانەکەی لە تاران کشاندووەتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو فەرمانبەرانە و خێزانەکانیان لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەدا ئێرانیان بەجێهێشتووە، بەڵام ژمارەی وردی ئەو کەسانەی کە گەڕاونەتەوە، ئاشکرا نەکراوە.
باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران، کە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی 30 فەرمانبەری بیانی و چەندین فەرمانبەری خۆجێی تێیدا کاردەکەن، بەهۆی ئەم بڕیارەوە کارەکانی سنووردار دەکاتەوە و تەنیا فەرمانبەرە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دیپلۆماسیی پێویست دەمێننەوە.
بەلجیکا باڵیۆزی ئێرانی بانگهێشت کرد
لە کاردانەوەی تووندوتیژییەکان دژی خۆپێشاندەران، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا باڵیۆزی ئێرانی لە بڕۆکسل بانگهێشت کرد و پەیامێکی روونی پێدا: "خۆتان لە بەکارهێنانێکی ناهاوسەنگی هێز بەدوور بگرن."
ماکسیم پرێڤۆ، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا رایگەیاند، دۆخی ئێستای ئێران "زۆر نیگەرانکەرە"، بۆیە فەرمانی بە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی ئێران کردووە.
پرێڤۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، نیگەرانییە قووڵەکانی بەلجیکا و یەکێتیی ئەورووپای گەیاندووەتە باڵیۆز و داوای لە دەسەڵاتدارانی تاران کردووە "خۆیان لە هەر جۆرە بەکارهێنانێکی ناهاوسەنگی هێز و تووندوتیژی دژی هاووڵاتییانی سڤیل بەدوور بگرن و دڵنیابنەوە لەوەی کە گوێ لە داواکارییە رەوا و ئاشتییانەکانی ئێرانییەکان دەگرن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا: هاتنەژوورەوەی دیپلۆماتکارانی ئێران قەدەخەیە
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە کاردانەوەی "سەرکوتکردن و کوشتن"ـی خۆپێشاندەران، بڕیاریدا سەردانی دیپلۆماتکار و بەرپرسانی ئێران بۆ تەواوی بنکە و بارەگاکانی پەرلەمانەکە قەدەخە بکات.
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند: "لە کاتێکدا گەلی ئازای ئێران بەردەوامن لە داکۆکیکردن لە ماف و ئازادییەکانیان، بڕیارم دا هاتنی هەموو ستافی دیپلۆماسی و هەر نوێنەرێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ نێو هەموو بنکە و بارەگاکانی پەرلەمانی ئەورووپا قەدەخە بکەم."
سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا هۆکاری بڕیارەکەی روونکردووەتەوە و دەڵێت: "ئەم دامەزراوەیە هاوکار نابێت لە شەرعییەتدان بەم رژێمەی کە لە رێگەی ئەشکەنجە، سەرکوتکردن و کوشتنەوە خۆی راگرتووە."
ماکرۆن بۆ ئێران: شانبەشانی خۆپێشاندەرانین
سەرۆکی فەرەنسا بە تووندی سەرکۆنەی "تووندوتیژیی دەوڵەت" دەکات لە ئێران و رایدەگەیێنێت، شانبەشانی ئەو ژن و پیاوانەن کە "بوێرانە" داوای مافەکانیان دەکەن.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "رێزگرتن لە ئازادییە بنەڕەتییەکان داواکارییەکی جیهانییە و ئێمە شانبەشانی هەموو ئەوانەین کە بەرگرییان لێدەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ