عێراقچی لەگەڵ لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران کۆدەبێتەوە

13-09-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران دەڵێ، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران لەبارەی رێککەوتنی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبێتەوە و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش ئامادە دەبێ.
 
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، عەباس گودەرزی، گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، کۆبوونەوەی نائاسایی لیژنەکە ئەم ئێوارەیە بەڕێوەدەچێ و تێیدا هەموو رەهەند و وردەکارییەکانی رێککەوتنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تاوتوێ دەکرێن. 
 
گودەرزی گوتی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبێ و لەبارەی رێککەوتنەکە زانیاری و روونکردنەوە دەدات.
 
بە گوتەی گوتەبێژی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ئێران، لە کۆبوونەوەکەدا کاریگەریی رێککەوتنەکە لەسەر سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
 
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێرانیش رایگەیاند، بۆ هەڵسەنگاندنی رێککەوتنی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبنەوە و بە وردی تاوتوێی رێککەوتنەکە دەکەن تاوەکو بۆیان روون بێتەوە لە رێککەوتنەکەدا هێڵە سوورەکانی ئێران بەزێندراون یان نا.
 
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێ، پەرلەمان هیچ جۆرە رێککەوتنێک قبووڵ ناکات کە پێچەوانەی خاڵە دیاریکراوەکان لە یاسای هەڵپەساردنی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم بێت.
 
بە گوتەی عەزیزی، لەو یاسایەدا دوو خاڵی سەرەکی دانراون بۆ بەردەوامیی هاوکاری لەگەڵ ئاژانس و خاڵەکانیش بریتین لەوەی گەرەنتی رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران بکرێ و هێرش نەکرێتەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە، دان بە مافە ئەتۆمییەکانی ئێران بەتایبەت پیتاندنی یۆرانیۆم دابنرێ.
 
ئێران دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم راگرت و پەرلەمانی ئێران رۆژێک دوای راگرتنی شەڕ لە 25ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ، یاسای هەڵپەساردنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسند کرد. لە یاساکەدا چەندین مەرج دانراون بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانس.
 
رۆژی 9ی ئەیلوولی 2025، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە رێککەوتنێکیان بۆ دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانیان واژۆکرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو هەردوو لایەن لێکدانەوەی جیاوازیان بۆ رێککەوتنەکە کرد.
 
رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لە رێککەوتنەکەدا رێگە بۆ پشکنین و چاودێری بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کراوەتەوە، بەڵام عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، مەرج دانراوە بۆ سەردانی پشکنەرانی ئاژانس و رێگەپێدانیان بۆ پشکنین لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران دواخراوە بۆ دانوستاندنێکی جیاواز کە بڕیارە لە داهاتوودا بکرێت.
 
رێککەوتنەکە لە نێوخۆی ئێران ناڕەزایەتیی لایەنە نەریتخوازەکانی لێکەوتووەتەوە و پێیان وایە، ئەمە داوێکە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ئێران دانراوە.
 
کامەران غەزەنفەری، پەرلەمانتاری تاران رەخنەی تووند لە رێککەوتنەکە دەگرێ و روو لە عەباس عێراقچی دەکات و دەڵێت، یان بە ئاشکرا تەواوی قسەکانی رافائێل گرۆسی رەتدەکەنەوە و دەقی رێککەوتننامەکە دەدەن بە پەرلەمانتاران یان خۆتان بۆ وەرگرتنەوەی متمانە ئامادە بکەن.
 
ناڕەزایەتی نێوخۆیی لە رێککەوتنی قاهیرە لە کاتێکدایە، حکومەتی ئێران تەنیا دوو هەفتە کاتی ماوە وڵاتانی ئەورووپا رازی بکات، کاراکردنی میکانیزمی سناپ باک رابگرن یان دوای بخەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە