رووداو دیجیتاڵ
لەنێو تاران، جەنگ کاریگەری لەسەر ژیانی شارە نزیک 10 ملیۆن دانیشتووەکە هەیە، هەر دەنگی فڕۆکە بێ خەڵک دەترسێ، ئەندازیارێک لەژێر کورسییەکی باخچەیەکدا خۆی حەشار دەدات کاتێک فڕۆکە جەنگییەکان بەسەر سەریدا دەڕۆن و وەرزشوانێک بەهۆی دڵەڕاوکێوە ناتوانێت بخەوێت کاتێک گوێی لە دەنگی تەقینەوەکانە لەگەڵ بڕانی هێڵی ئینتەرنێت، خێزان و هاوڕێیان بۆ زانینی هەواڵەکانی جەنگ و دوایین زیانەکانی هێرشە ئاسمانییەکان، پشت بە یەکدی دەبەستن.
بۆردوومانی تووندی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، پایتەختی ئێران کە 15 رۆژە بەردەوامە، دانیشتووانی شارەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێی زۆر کردووە، لە گەڕەکە مێژووییەکانی ناوەندی شارەکە تاوەکو ناوچە دەوڵەمەندنشینەکانی باکوور، بۆمبەکان شەو و رۆژ شارەکە دەهەژێنن، بەبێ ئەوەی هیچ زەنگێکی ئاگادارکردنەوە یان سیستمێکی هۆشداریدان هەبێت بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک.
دانیشتوویێکی تاران لەبەر سەلامەتی خۆی ناوەکەی ئاشکرا نەکرد دەڵێت: "گوشارێکی دەروونی زۆرمان لەسەرە.''
ئەو یەکێکە لەوانەی لەنێو تارانەوە باسی دۆخی ژیانیان دەکات.
هێما نیشتمانییە رێزلێگیراوەکانیش کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی بۆردوومان، کەوانەی گەورەی گۆڕەپانی ئازادی، وەکو هێمای مۆدێرنی پایتەخت دەبینرێت، دوای هێرشەکانی ئەو نزیکانە دووکەڵ دایپۆشیبوو؛ هەروەها کۆشکی گوڵستان کە مێژووەکەی بۆ سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە و شانازییەکی مێژوویی تارانە، شووشەی پەنجەرەکانی شکان، ئەو دۆخە هاوکاتە لەگەڵ زیادکردنی بازگە و خاڵەکانی پشکنین لەنێوخۆی تاران.
هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر کۆگەکانی نەوت لە تاران لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونی دانیشتووانەکە هەبوو، دوای تەقینەوەکان، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و دووکەڵێکی رەشی ژەهراوی ئاسمانەکەی گرتەوە، دواتر بەهۆی بارانەوە تا رادەیەک رەوییەوە.
چالاکڤانێکی مافی مرۆڤی تەمەن 54 ساڵ، دانیشتووی تارانە، دەڵێت: "بە زەحمەت هەناسەم دەدا و ناچار بووم ئامێری هەناسەدان بکڕم. خەڵک نیگەرانن لەوەی کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوەش هەبێت.".
ئەو چالاکڤانە لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێت: "شەوی رابردوو بارودۆخەکە زۆر خراپ بوو، فڕۆکە جەنگییەکان و درۆنەکان هەموو ئاسمانیان گرتبوو، رۆژهەڵات و رۆژئاوا.''
جەنگەکە دەمارگیری و دڵەڕاوکێی لە تەواوی ناوچەکەدا دروستکردووە، لە کاتێکدا ئێران بە شەپۆلێک مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێی لە کەنداو.
'بۆردوومانی تووند'
هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەزاران شوێنیان لە سەرتاسەری ئێران پێکاوە، ئەمریکا دەڵێ بنکە و ناوەندی سەر بە سوپای ئێران و سوپای پاسداران بۆردوومان دەکرێن، بەڵام چەندین ناوچەی سڤیلیش بەر بۆردوومان کەوتوون، مانگی سووری ئێرانی دەڵێت: "بە هەزاران شوێنی مەدەنی زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە نەخۆشخانە، قوتابخانە، زانکۆ و ماڵ."
بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران رۆژی هەینی بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا دوو هەزار و 729 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 202 کەسیان منداڵن و زیاتر لە 15 هەزار کەسیش بریندار بوون کە 11 هەزاریان تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە.
ئەندازیارێکی تەمەن 33 ساڵ دیمەنی دوای هێرشەکانی سەر کۆگەکانی نەوت بە "دیمەنی کۆتایی جیهان" وەسف دەکات.
ئەو دەڵێت، ئێرانییەکان بە زەحمەت دەتوانن هەواڵەکانی جەنگ بزانن، چونکە لەوەتەی یەکەم هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، هێڵی ئینتەرنێت تا رادەیەکی زۆر بڕاوە. مەزەندە دەکات تەنیا بەشێکی زۆر کەمی خەڵک لەرێگەی (VPN)ـەوە دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات.
ئەو گوتی، بۆ ئەوەی بزانێت بۆمبەکان لە کوێ دەکەون، پەیوەندی بە هاوڕێکانییەوە دەکات، دانیشتووانی دیکەش دەڵێن خێزان و هاوڕێیان لە کۆبوونەوە پڕ لە دڵەڕاوکێیەکانی ناو ماڵ و کافێیەکاندا زانیارییەکانی هێرشەکان دەگۆڕنەوە.
ئەو ئەندازیارە دەڵێت: لەسەر شەقامەکەیان بووە کاتێک دەنگی فڕۆکەی جەنگیی بیستووە، دواتر تەقینەوەیەک لەو نزیکانە روویداوە و ئەویش لەژێر کورسییەکی باخچەیەکدا خۆی حەشارداوە."
خوێندکارێکی زانکۆش لەبارەی دۆخی پایتەختی وڵاتەکە قسەی کردووە و دەڵێت:" مەترسیی هێرشەکان تەنانەت لای ئەو کەسانەش زیاد کردووە کە لە نزیک ئامانجە حکومی و سەربازییە دیارەکانەوە ناژین،چونکە ئەگەر هەیە لە هەر ساتێک، بەبێ زەنگی ئاگادارکردنەوە یان راگەیاندن، بەشێکی شارەکە بکەوێتە بەر هێرش."
هەروەها باسی لەوە کرد هەندێک شەقام پڕبوون لە شووشەی شکاو لە باڵەخانەکانی دەوروبەرەوە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەبێ ئاگادارکردنەوە دەپێکرێن
تاران کە شارێکی قەرەباڵخە و دانیشتووانەکەی بەپێی ئاماری ئەمساڵی World population Review نزیکەی 9 ملیۆن و 800 هەزار کەسە،ئێستا شەقامەکانی لە نێوان هێرشە ئاسمانییەکاندا بە شێوەیەکی ترسناک بێدەنگن، زۆربەی دوکان و سوپەرمارکێتەکان کراوەن، بەڵام بازاڕە کۆنەکەی (بازاڕی گەورەی تاران) داخراوە و زۆر لە شەقامەکان چۆڵن، چونکە خەڵک لە ماڵەکانیاندا خۆیان حەشارداوە، دانیشتووانی تاران ماددەی شلی لکێنەر دەدەن لە شووشەی پەنجەرەکان بۆ ئەوەی لە کاتی تەقینەوەدا زیان دروست نەکەن، لە ژوورەکانی دواوەش دەمێننەوە کاتێک دەنگی هێرش دەبیستن.
مامۆستایەک کە لە گەڕەکی ڤەنەک لە باکووری تاران دەژی، دەڵێت:" ماڵی هاوڕێیەکی لە رۆژهەڵاتی تاران بەهۆی هێرشێکی نزیکیان زیانی بەرکەوتووە؛ شووشەی پەنجەرەکانی شکاون.''
مامۆستاکە دەڵێت زۆربەی کاتەکانی لە ماڵەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی کە لە بەشێکی دیکەی تارانەوە هەڵاتوون، چونکە ماڵەکەیان لە نزیک بنکەکانی بەسیج بووە،بەدەستهێنانی ئینتەرنێت لە ئێران زۆر سەخت بووە
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی بنکەکانی سوپای پاسداران، بەسیج و هێزە ئەمنییەکانیان کردووەتە ئامانج. ئەم هەفتەیە هێرشەکان روویان لەو بازگە و خاڵە پشکنینانە کردووە بەسیج دایانناوە، بەپێی گروپی چاودێری (ACLED)، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو زیاتر لە 20 بازگە لە تاران کراونەتە ئامانج .
رۆژی هەینی 13-03-2026 ، تەقینەوەیەکی گەورە لە مەیدانێکی سەرەکیی تاران روویدا، رێک لەو کاتەی لایەنگرانی حکومەت خۆپیشاندانێکی گەورەیان لێ دەکرد.
پێش چەند رۆژێک لە تەلەفزیۆنی دەوڵەت، ئەحمەدرەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران، هۆشدارییدا هەر کەسێک بێتە سەر شەقام بۆ خۆپیشاندان وەک "دوژمن" دەبینرێت و "وەکو دوژمن مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین. هەموو پیاوەکانمان ئامادەی تەقەکردنن."
هەروەها حکومەت هانی لایەنگرانی دەدات بێنە سەر شەقام، بەتایبەتی دوای دەستنیشانکردنی رێبەری نوێ، موجتەبا خامنەیی، ئەو شوێنی باوکی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی گرتەوە کە لە هێرشە سەرەتاییەکانی ئیسرائیلدا لە جەنگەکەدا کوژرا.
'وڵاتێکی سووتاو'
لەگەڵ بەردەوامیی جەنگەکە، زۆربەی ئێرانییەکان هێشتا کاریگەریی خۆپیشاندانەکەی سەرەتای ئەمساڵیان لەسەر ماوە و ئێستا جەنگیش بەرۆکی گرتوون .
پەرستارێکی تەمەن 27 ساڵ دەڵێت لەو بەشەی نەشتەرگەری کە لێی کار دەکات لە نەخۆشخانەیەکی تاران، هێشتا چارەسەری ئەو خۆپێشاندەرانە دەکەن کە برینی سەختیان هەیە.
سەرەڕای ئەوەش زیانەکانی هەڵمەتە ئاسمانییەکە هەندێک لەو کەسانەی نیگەران کردووە کە وڵاتەکەیان دوور لە هەموو شت خۆش دەوێ.
چالاکڤانێک لە تاران رایگەیاندووە: "ئەمە چیدیکە تەنیا لاوازکردنی حکومەت نییە، بەڵکو بەرەو لاوازکردنی گەلی ئێران دەچێت، ئایا بەراستی دەتانەوێت بمانگۆڕن بۆ وڵاتێکی سووتاو؟ شتێک کە ئەم حکومەتەی ئێستاش نەیکردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ