رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران دەڵێت، بەهۆی هێرشێکی درۆنییەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاسایشی گشتی و ئەفسەرێکی دیکە لە رۆژئاوای هەمەدان کوژراون.
رۆژی شەممە، 14ی حوزەیرانی 2025، میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە شاری ئەسەدئابادی رۆژئاوای پارێزگای هەمەدان "حەبیبوڵـڵا ئەکبەریان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیس و ئەمیر حوسێن سەیفی، جێگرەکەی لە هێرشێکی درۆنیدا شەهید بوون".
شاری ئەسەدئاباد کەوتووەتە دووری 300 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی تاران.
دوێنێ، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانەکانی بۆ سەر ئێران کرد. دواتر، ئێران بە مووشەک وەڵامی دایەوە. ئەمڕۆش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامیان هەبوو.
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە 20 فەرماندەی سەربازی لە هێرشەکانیاندا بکوژن.
ئەمڕۆش سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "شەوی رابردوو حەوت سەرباز لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لە ئەنجامی هێرشی مووشەکی ئێران بە سووکی بریندار بوون."
بارەگەی وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی گشتیی سوپای ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤن کە دەکەوێتە نێوەڕاستی ئیسرائیل.
دەستپێکردنی ئەو شەڕە لەکاتێکدایە، بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت شەشەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بکرێت، ئەمڕۆش ئێران عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا بێ مانایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ