رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گشتیی سیستەمی پزیشکیی ئێران رایدەگەیێنێت، لە کۆی 33 دەستگیرکراوی کەرتی تەندروستی لە خۆپێشاندانەکاندا، 11یان ئازاد کراون. هاوکات ئەندامێکی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانیش ئاشکرای دەکات، 28%ی دەستگیرکراوان قوتابی بوون و تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوە بووە.
محەممەد رەئیسزادە، سەرۆکی گشتیی سیستەمی پزیشکیی ئێران رایگەیاند، لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی رابردوودا 33 کەس لە کەرتی تەندروستی دەستگیر کرابوون کە پێکهاتبوون لە پزیشکی گشتی، پزیشکی ددان، فیزیوتراپیست، دەرمانساز و پەرستار.
بە گوتەی رەئیسزادە، دوای بەدواداچوونەکانیان توانیویانە 11 کەسیان ئازاد بکەن و هێشتا 23 کەسەکەی دیکە لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.
سەرۆکی گشتیی سیستەمی پزیشکیی ئێران رەتیکردەوە پزیشکان و بەرپرسانی تەندروستی بۆ دەستگیرکردنی برینداران هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانیان کردبێت و گوتی: "لە ماوەی ناڕەزایەتییەکاندا 13 هەزار نەشتەرگەریی بێ بەرامبەر بۆ بریندارانی خۆپێشاندانەکان کراوە."
هەروەها فەرشاد ئیبراهیمپوور، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، 28%ی دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە قوتابی و خوێندکارانی زانکۆ بوون کە تەمەنیان لە خوار 20 ساڵەوە بووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، زۆرترین دەستبەسەرکردن لە رۆژانی پێنجشەممە 8 و هەینی 9ی تشرینی دووەمدا بووە، کە تێیدا خۆپێشاندانەکان بەربڵاوتر بوون و زۆربەی پارێزگاکانی گرتەوە.
سەبارەت بە چارەنووسی دەستگیرکراوەکان، فەرشاد ئیبراهیمپوور دەڵێت، دوای هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، زۆرینەی ئەو قوتابی و خوێندکارانە ئازاد کراون و گەڕاونەتەوە بۆ خوێندنەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ