رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیێنێت، بۆ گەڕی نوێی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، تیمێکی گشتگیریان لە شارەزایانی ئەتۆمی، یاسایی و ئابووری ئامادە کردووە، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ "جیدیبوونی تاران" لە گفتوگۆکاندا.
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "بۆ گەڕی نوێی دانوستاندنەکان بە تیمێکی تەواوەوە هاتووین. هەم پسپۆڕان و هەم کەسانی شارەزا لە بواری ئەتۆمی بەشدارن، شارەزایانی یاسایی و ئابووریشمان لەگەڵن. تیمەکەمان تەواوە و ئەمەش نیشانەی جیددیبوونی کۆماری ئیسلامییە."
بەقایی جەختی لەوەش کردەوە، پرسی لابردنی گەمارۆکان بۆ ئێران پرسێکی "نەگۆڕە" و پسپۆڕانی ئابووریی نێو تیمەکە بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن.
بڕیارە سبەی سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیریی عومان لە شاری جنێڤی سویسرا دەستپێبکات.
هاوکات، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی گفتوگۆکانەوە پەیامێکی رەوانە کرد و گوتی: "ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ نییە، ملکەچکردنە بۆ هەڕەشەکان."
ئەم گەڕە نوێیەی دانوستاندنەکان لەکاتێکدایە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل گوشار دەکەن تاوەکو لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا جگە لە پرسی ئەتۆمی، پرسی مووشەکە بالیستییەکان و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش بخرێنە نێو گفتوگۆکانەوە، بەڵام تاران تائێستا سوورە لەسەر ئەوەی تەنیا لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی دانوستاندن دەکات.
پێشتر لە رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو کە هەردوولا بە "ئەرێنی"یان ناوبرد، بەڵام دۆخی ناوچەکە بەهۆی جێگیرکردنی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە نزیک ئێران و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی تاران بە گرژی ماوەتەوە.
پار پێنج گەڕی دانوستاندن بەڕێوەچوون، بەڵام دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی 2025، کە تێیدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومان کرد، دۆخەکە گەیشتە لووتکەی ئاڵۆزی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ