رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای هورموزگانی باشووری ئێران، بەهۆی بارینی بارانی بەخوڕەوە لافاو لە چەندین شار دروستبوو.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی دانیشتووانی شارەکانی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران رۆژی سێشەممە 16-12-2025 بڵاویان کردووەتەوە، بارانێکی زۆر و بەخوڕ لەو پارێزگایە دەبارێ و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە نێوشارەکان.
لافاو زیاتر لە شارەکانی بەندەر عەباس، بەندەر خومەیر و دورگەی قیشم دروستبووە و ئاوێکی زۆر لەنێو شارەکان کۆبووەتەوە و بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان ژێر ئاو کەوتوون. هاتووچۆکردن لەنێوان شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایەش تووشی ئاستەنگ بووە و گەشتی فڕۆکەش لە فڕۆکەخانەی بەندەر عەباس راگیراوە.
هەروەها لە شاری بەندەر عەباس، بارینی زۆری باران و لافاو بوونەتە هۆی ئەوەی کارەبای 10 گەڕەک بپچڕێ. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای هورموزگان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی بارینی باران و دروستبوونی لافاو، ناتوانن بە خێرایی کێشەی بڕانی کارەبا چارەسەر بکەن.
ناوەندی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان بڵاویکردەوە، بەهۆی پێشبینی دروستبوونی لافاو، قوتابخانەکان تاوەکو پێنجشەممە دەکرێنە پشوو.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هورموزگانیش ئێوارەی سێشەممە رایگەیاند، باران بارینی بەلێزمە تاوەکو چوارشەممە بەردەوام دەبێ و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەروا بەردەوامە.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکی بارانبارین سەرەتا رۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە و لە دووشەممەوە گەیشتووەتە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ