شەپۆلێکی بەفر و باران 29 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

18-01-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

بەپێی رێکخراوی کەشناسیی ئێران، لە رۆژانی داهاتوودا بارستە هەوایەکی سارد و شەپۆلێکی بەفر و باران رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە دەکات و پلەی گەرما دادەبەزێت.
 
رۆژی شەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2025، رێکخراوی کەشناسیی ئێران رایگەیاند، لە رۆژی دووشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2025ـەوە شەپۆلێکی بەفر و باران زۆربەی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە و تا کۆتایی رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت.
 
کەشناسیی ئێران دەڵێت، بە پێی پێشبینییەکانیان لە 29 پارێزگا بەفر و باران دەبارێت کە هەر پێنج پارێزگاکەی ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و لورستان لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
بەپێی پێشبینییەکانی رێکخراوەکە، بەهۆی شەپۆلە هەواکە لە زۆربەی ناوچەکان بەفر و باران دەبارێت، بای خێرا دێت، پلەی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لە هەندێک ناوچە تەرزە و باو بۆران و کڕێوە دەبێت، هەروەها لە هەندێک ناوچەش دەبێتە هۆی دروستبوونی تەمومژ.
 
رێکخراوی کەشناسیی ئێران هەروەها دەڵێت، شەپۆلەکە هەندێ مەترسی دروست دەکات، لەوانەش بەستنی رێگاکان، کێشە لە بواری گواستنەوە و هاتووچۆ، باو و بۆران و کڕێوە بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، پەنگخواردن و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سەر شەقامەکان، هەروەها بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان و ئەگەری دروستبوونی لافاو.
 
کەشناسیی ئێران داوا لە خەڵک دەکات، لە قەراخ رووبار و چۆمەکاندا نەوەستن، خەڵک بۆ شاخەوانیی نەچن، ئەگەر پێویست نەبێت لە ناوچە شاخاوییەکاندا هاتووچۆ نەکرێت و "ئەگەریش کرا، شۆفێرەکان کەرەستەی تایبەت بە کەشوهەوای سارد و بەفراوییان پێ بێت."
 
بە پێی رێکخراوەکە، لە رۆژی چوارشەممەوە ئاسمانی زۆربەی ناوچەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ساماڵ دەبێت و ئەگەری بارین زۆر کەم دەبێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە