رووداو دیجیتاڵ
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە مافی هەموو گەلێکە و روو لە ئەمریکا دەکات: "چ پەیوەندییەکی بە ئێوەی ئەمریکییەوە هەیە؟"
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە و تێیدا بەرگری لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکات.
خامنەیی دەڵێت: "پیشەسازیی ئەتۆمیی ئاشتیانە بۆ شەڕ نییە، بەڵکو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ کشتوکاڵ، بۆ دەرمان و چاودێریی تەندروستی و هەموو ئەو شتانەیە کە پشت بە وزە دەبەستێت."
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی هەبوونی بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانە "بەشێکە لە مافی گەلان"، روو لە بەرپرسانی ئەمریکا دەکات و دەپرسێت: "چ پەیوەندییەکی بە ئێوەی ئەمریکییەوە هەیە؟"
رۆژی سێشەممە، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ خەڵکی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات و شاری تەورێز لە تاران وەڵامی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای دایەوە و گوتی: "سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام باسی ئەوە دەکات، سوپاکەمان بەهێزترین سوپای جیهانە. بەهێزترین سوپای جیهان لەوانەیە بە جۆرێک زللـەی بەرکەوێ، کە نەتوانێ هەستێتەوە."
خامنەیی هەڕەشەی لە ئەمریکا کرد و رایگەیاند: "ئەمریکییەکان بەردەوام دەڵێن کەشتیی فڕۆکەهەڵگرمان رەوانەی ئێران کردووە، راستە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لە کەشتیی فڕۆکەهەڵگر ئەو چەکەیە کە دەتوانێ نوقمی بکات."
قسەکانی خامنەیی لە کاتێکدان، رۆژی سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، گەڕی دووەمی دانوستاندنە نوێیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری جنێڤی سویسرا بەڕێوەچوو.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان لە جنێڤ رایگەیاند، لەگەڵ شاندی ئەمریکا لەسەر "کۆمەڵێک بنەما" رێککەوتوون کە لەوانەیە زەوینە بۆ رێککەوتنێکی فراوان خۆش بکەن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، لە دانوستاندنەکانی جنێڤدا لەگەڵ لایەنی ئێرانی هەندێک پێشکەوتن هەبوو، بەڵام هێشتا ئێرانییەکان ئامادە نین هێلە سوورەکانی ترەمپ قبووڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ