لە ئێران یەکەمین هەنگاو بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین نرا

20-11-2025
سینا سۆما
حکومەتی ئێران دەڵێت، بەنزینی نۆرماڵ گران نابێت.
حکومەتی ئێران دەڵێت، بەنزینی نۆرماڵ گران نابێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای مشتومڕێکی زۆر، لە ئێران یەکەمین هەنگاو بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین نرا. بەنزینی سوپەر بە نرخی ئازاد لە بۆرسەی وزەی وڵاتەکە خرایەڕوو.
 
رەزا نەواز، گوتەبێژی سەندیکای خاوەن بەنزینخانەکانی ئێران دەڵێت، "ئەمڕۆ نرخی بنەڕەتیی بەنزینی سوپەر لە بۆرسەی وزە دیاریکرا کە یەک لیتری بە 65 هەزار و 800 تمەنە. هەڵبەت تێچووی گواستنەوەی بەنزین لە بەندەرەکان بۆ بەنزینخانەکان، سوودی بەنزینخانەکان و بڕی 13٪ی باج کە پەرلەمان لە 30٪ـەوە بۆ 13٪ دابەزاند، بۆ سەر نرخی 65 هەزار و 800 تمەن زیاد دەکرێ و نرخی کۆتایی لە کاتی خستنەبازارەوە دیار دەکرێت."
 
بۆرسەی وزەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە هەنگاوی یەکەمدا 300 هەزار لیتر بەنزینی سوپەری هاوردە کراو لە بۆرسەکەدا خراوەتەڕوو و بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بە فەرمی بخرێتە بازاڕەوە.
 
بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا، ئەم جۆرە بەنزینە لە تاران و گەورە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە و ناوچە ئازادە ئابوورییەکان بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەش بکرێت.
 
ئەم پلانەی حکومەتی ئێران لەکاتێکدایە وڵاتەکە بە قەیرانێکی ئابووریی قورسدا تێدەپەڕێت و خەڵکی نیگەرانن لە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر ژیانیان.
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران ئاماژەی بەوە دا، "حکومەت ناچارە شەش ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزین خەرج بکات و نرخی یەک لیتر بەنزین لەسەر حکومەت نزیکەی 70 هەزار تمەن دەکەوێت. سرووشتییە کاتێک ئەو پارەیەی بۆ کاڵاکانی دیکە پێویستە، بەڵام بۆ بەنزین خەرج دەکرێت و لە لایەکی دیکەوە بەشێکی بەنزینەکەش قاچاخ دەکرێت، حکومەت ناچارە کە رێوشوێن بگرێتەبەر."
 
موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران باسی لەوە کرد، "ئەوەی روونە، ئێستا قەبارەی هاوردەکردنی بەنزینمان گەیشتووەتە رادەیەک بووەتە کێشە بۆ بودجەی وڵات. دەبێ چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، بەڵام نابێ هیچ جۆرە کێشە و سنووردارییەک بۆ خەڵک دروست ببێت. "
 
لەگەڵ یەکەم خستنەڕووی بەنزینی سوپەر، حکومەتی ئێران دڵنیایی دەداتە خەڵک و دەڵێت، گۆڕانکاری لە نرخی بەنزینی نۆرماڵ دا ناکات و پشکەکانی 60 لیتری بە نرخی 1500 تمەن و 100 لیتری بە نرخی 3000 تمەن وەکو خۆی دەمێننەوە.
 
لە ئێران رۆژانە 114 ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەمدێت، بەڵام بەشی نێوخۆی لە رۆژێکدا لە نێوان 130 تاوەکو 134 ملیۆن لیتردایە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران.

جێگرەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان چارەسەر نییە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکەن و رایدەگەیێنێت، جێهێشتنی بەرپرسیارێتی چارەسەر نییە و دەپرسێت: "لە دۆخێکی ئاوادا ئێران چی بەسەر دێت؟".