رووداو دیجیتاڵ
ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، هیواخوازە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە بەرامبەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "راستبین" بێت و "رێزیان لێ بگرێت."
ترەمپ رۆژی دووشەممە بۆ دووەم جار بووەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: "هیوادارین هەڵوێست و سیاسەتەکانی حکومەتی (نوێی) ئەمریکا راستبینانە بن و لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و رێزگرتن لە بەرژەوەندی و خواستەکانی گەلانی ناوچەکە، لەوانە گەلی ئێران، بن."
بەقائی "رەخنەی تووند"ـی لە ئیدارەی جۆ بایدن گرت بەهۆی پشتیوانیکردنی لە ئیسرائیل لە شەڕی دژی حەماس.
هەروەها گوتی ئیدارەی بایدن "هیچ جیددیەتێکی" لە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران پیشان نەداوە.
لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا، ترەمپ سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار"ی دژی ئێران پەیڕەو کرد و ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 کشاندەوە.
تاران پابەندی رێککەوتنەکە بوو تاوەکو واشنتن لە 2018 لێی کشایەوە، بەڵام دواتر دەستبەرداری بوو. هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنەکە لەو کاتەوە شکستیان هێناوە.
رێککەوتنەکە میکانیزمێکی تێدایە کە رێگە بە واژۆکاران دەدات سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەر ئێراندا بسەپێننەوە، ئەگەر ئێران پابەند نەبێت.
بەقائی هۆشداری دا، کە ئەگەر سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنرێن، ئێران "رێکاری هاوشێوە دەگرێتەبەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ