خامنەیی: پێموانییە دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بگاتە ئەنجام

20-05-2025
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رەتیکردەوە، ئێران دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی خۆیدا ببێت و رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی ئایاری 2025، عەلی خامنەیی لە رێوڕەسمێکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری پێشووی ئەو وڵاتە و یاوەرانی، سەرنجی خستە سەر گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا کە بە ناوبژیوانی عومان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچن و رایگەیاند، "پێموانییە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا بگەنە ئەنجام."
 
عەلی خامنەیی ئاماژەی بە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی کرد و گوتی، "لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا بە روونی گوتی کە ئێمە راستەوخۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ناکەین."
 
خامنەیی هەروەها گوتی: "بێگومان لەسەردەمی شەهید رەئیسیدا دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ هەبوو، بەڵام بێ ئەنجام بوو."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژە بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان تاران و واشنتۆنیش کرد و رایگەیاند، "ئێستاش پێمانوانییە بگاتە ئەنجام و نازانین چی روودەدات."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، کە تاوتوێی پێشنیازێک دەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا.
 
کازم غەریب ئابادی گوتی: "پێشنیازێکمان بۆ خولی داهاتووی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا پێگەیشتووە کە تاوتوێ دەکرێت."
 
سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا کە رەتی دەکەنەوە رێگە بە بەردەوامبوونی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێران بدەن، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابن.
 
خامنەیی گوتی: "حەز دەکەم هۆشدارییەک بدەم بە لایەنی بەرامبەر. لایەنی ئەمریکی کە بەشداری ئەم دانوستاندنە ناڕاستەوخۆیانە دەکات، هەوڵ بدات قسەی بێمانا نەکات. ئەوەی کە بڵێن رێگە نادەین ئێران یۆرانیۆم بپیتێنێت، زیادەڕۆییە. کۆماری ئیسلامیی ئێران سیاسەت و رێبازی خۆی هەیە و چاوەڕێی کەس ناکات."
 
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مارک رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوو رۆژی رابردوودا چەندین جار رایانگەیاندووە، رێگە نادەن تەنانەت بە رێژەی 1٪یش پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناو خاکی ئێراندا هەبێت. بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا رەتدەکەنەوە و بە "هێڵی سوور"ی دەزانن.
 
خامنەیی گومانی خستە سەر جەختکردنەوەی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان بە شێوەی راستەوخۆ و راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەنێو خاکی ئێران و گوتی، "دەیانەوێت بە هەڕەشە و فێڵکردن، ئێران ناچار بکەن و وا پێشان بدەن کە ئێران خۆی بەدەستەوەداوە."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامی روونیکردەوە: "بێگومان لە بۆنەیەکی تردا بۆ گەلی ئێران روون دەکەمەوە کە بۆچی ئەمانە ئەوەندە سەرنجیان لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمە. بۆچی لایەنە رۆژئاوایی و ئەمریکییەکان و ئەوانی دیکە ئەوەندە پێداگرن کە نابێ لە ئێراندا پیتاندن هەبێت. پشتیوان بە خودا ئەمانە لە بۆنەیەکی دیکەدا باس دەکەم بۆ ئەوەی خەڵکی ئێران بزانن مەبەستی لایەنی بەرامبەر چییە."
 
لە 12ی نیسانی 2025ـەوە چوار گەڕی دانوستاندن لە نێوان شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ناوبژیوانی عومان بەڕێوەچوون. سەڕەرای ناکۆکییەکان، هەردوو لایەن جەخت لە سەر درێژەدان بە دانوستاندنەکان دەکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران.

جێگرەکەی: دەستلەکارکێشانەوەی پزیشکیان چارەسەر نییە

جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، وەڵامی ئەو لایەنانە دەداتەوە کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دەکەن و رایدەگەیێنێت، جێهێشتنی بەرپرسیارێتی چارەسەر نییە و دەپرسێت: "لە دۆخێکی ئاوادا ئێران چی بەسەر دێت؟".