رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتن لەبەردەستدایە و رەنگە هەندێک لایەنی لە رێککەوتنەکەی ساڵی 2015 باشتر بێت. عێراقچی ئاشکرای کرد، بڕیار وایە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە جنێڤ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا کۆببێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 22-02-2026، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (CBS)ـی ئەمریکی جەختی کردەوە، دیپلۆماسی "تاکە رێگەیە" بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
عێراقچی گوتی: "ئێمە ئێستا تەنیا باس لە دۆسیەی ئەتۆمی دەکەین. پیتاندنی یۆرانیۆم مافی ئێمەیە و ئەو تەکنەلۆژیایە سەرچاوەی شانازیی ئێمەیە، بۆیە ناتوانین دەستبەرداری ببین، بەڵام دەکرێت بگەینە چارەسەرێک دەربارەی شێوازی پیتاندنەکە."
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، خەریکی داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنەکەن و گۆڕینەوەی پێشنیازەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستیپێکردووە.
هەڕەشە سەربازییەکان و مووشەک
سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، عێراقچی گوتی: "هیچ پێویست بەم هەموو نیشاندان و ئاراییشە سەربازییەی ئەمریکا ناکات، ئەمە ئێمە ناترسێنێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران پەیامێکی روونیشی سەبارەت بە توانای مووشەکیی وڵاتەکەی نارد و رایگەیاند: "مووشەکەکانی ئێمە ناتوانن لە ناو خاکی ئەمریکا بدەن، بەڵام دەتوانین لە بنکە سەربازییەکانیان بدەین. هەروەها مووشەکەکانی ئێمە توانای لێدانی ئامانجەکانیان لە ناو ئیسرائیلدا هەیە." عێراقچی دووپاتی کردەوە، ئێران مافی بەرگریکردن لە خۆی هەیە ئەگەر رووبەڕووی هەر هێرشێکی ئەمریکا ببێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران رایگەیاند، عێراقچی راپۆرتێکی وردی لەسەر پڕۆسەی دانوستاندنەکان پێشکێش بە حکومەت کردووە و جەختی لە بەردەوامیی دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نیشتمانی کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکە، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران لە هەمان کۆبوونەوەدا راپۆرتێکی لەسەر جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکا پێشکێش کرد و رایگەیاند، "بە وردی چاودێریی هەموو جووڵەکانی دووژمن لە ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکە" دەکەن. وەزیری بەرگریی ئێران جەختی لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هەموو ئاستەکاندا کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ