ئێران: هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی ناوچە ئەتۆمییەکان نییە

22-06-2025
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، هیچ مەترسییەک لەسەر دانیشتووانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکان نییە و دڵنیایی دا، دەتوانن بە ئاسوودەیی لە ژیانی خۆیان بەردەوام بن. هاوکات چەندین بڕیاری نوێی حکومەتی راگەیاند، لەوانەش زیادکردنی گەشتە ئەمنییەکانی شەوانە، نوێکردنەوەی ئۆتۆماتیکیی مۆڵەتی کارەکان و هەڵگرتنی قەدەخەی سەر هاوردەکردنی برنج.
 
دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران چەندین بابەتی گرنگی خستەڕوو، کە پەیوەست بوون بە دۆخی ئەمنی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەوە.
 
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی قسەکانی مهاجرانی دڵنیاییدان بوو بە هاووڵاتییان لەبارەی سەلامەتیی ناوچە ئەتۆمییەکان و گوتی، "هیچ جۆرە مەترسییەک رووبەڕووی دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکانی وەکو نەتەنز، ئەسفەهان و فۆردۆ نابێتەوە، خەڵکی ئەم شوێنانە دەتوانن بە دڵنیاییەوە درێژە بە ژیانی خۆیان بدەن."
 
هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش، بەتایبەتی لە کاتەکانی شەودا، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند، "ژمارەی گەشتە ئەمنییەکانی شارەکان زیاد کراوە."
 
بڕیاری نوێی ئابووری: مۆڵەتی کار، برنج و گازوایل
 
لە بواری ئابووریدا مهاجرانی چەند بڕیارێکی نوێی ئاشکرا کرد:
 
- نوێکردنەوەی مۆڵەتی کار: "کارگرووپی ئابووری رایگەیاندووە سەرجەم ئەو مۆڵەتی کارانەی لە رێگەی دەزگای نیشتمانیی مۆڵەتەکانەوە دەرچوون، بەپێی فەرمانی وەزارەتی ئابووری، تاوەکو سێ مانگی داهاتوو بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نوێدەکرێنەوە، پێویست بە نوێکردنەوەی دەستی ناکات."
 
- هاوردەکردنی برنج: "بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی بازاڕ، قەدەخەی چوار مانگەی سەر هاوردەکردنی برنج هەڵگیرا و هاوردەکردن ئازاد کرا."
 
- نرخی گازوایل: "بابەتی سێ هێندەکردنی نرخی گازوایل لەم کاتەدا راگیراوە و دۆخەکە گەڕاوەتەوە بۆ پێشوو."
 
چارەنووسی تاقیکردنەوەکان و مووچەی خانەنشینان
 
لەبارەی کاروباری پەروەردە و خانەنشینانەوە گوتەبێژی حکومەتی ئێران چەند خاڵێکی دیکەی روونکردەوە:
 
- تاقیکردنەوەی قوتابیان: وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیار لەبارەی ئەو چەند تاقیکردنەوەیەی قۆناخی ناوەندی کە ماونەتەوە، دەدرێت و لە رێگەی میدیای فەرمییەوە رادەگەیێندرێت.
 
- مووچەی خانەنشینان: سندووقی خانەنشینیی وڵات هەواڵی پێدانی مووچەی مانگی خورداد (حوزەیران)ی بە خانەنشینان و مووچەخۆران راگەیاند.
 
- وەرگرتنی سکەی زێڕ: ئەو کەسانەی سکەی زێڕیان پێش فرۆش کڕیوە و وادەکەیان 21ی حوزەیران بووە، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز مۆڵەتیان هەیە سکەکانیان وەربگرنەوە و کرێی هەڵگرتنیشیان لێ وەرناگیردرێت.
 
جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی نایە رۆژی دەیەم، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22-06-2025 ئەمریکاش هاتە ناو جەنگەکە، کاژێر دەوروبەری 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران و وێرانیان کردوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە