رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بە هیچ جۆرێک وڵاتەکەی دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت. دەشڵێت، هێرشەکانی ئەمریکا زیانی زۆری بە پێگە ئەتۆمییەکانیان گەیاندووە و لێکۆڵینەوەش لە ئاستی زیانەکان بەردەوامە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای ئەمریکیی راگەیاند، واشنتن لە هەوڵەکانیدا بۆ رێگریکردن لە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن تارانەوە سەرکەوتوو نابێت، سەرەڕای هەڕەشەی سەپاندنی سزای نێودەوڵەتیی قورس.
عێراقچی گوتیشی، "ناتوانین دەستبەرداری پیتاندن[ی یۆرانیۆم] ببین، چونکە دەستکەوتێکی زاناکانمانە، ئێستاش بووەتە شانازییەکی نیشتمانی." هەروەها دەشڵێت، "پیتاندنەکەمان بۆ ئێمە زۆر بەنرخە."
وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکانی مانگی رابردووی ئەمریکا زیانی "جیددییان" بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان گەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکرد ئایا هیچ یۆرانیۆمێکی پیتێندراو لە بنکە ئەتۆمییەکان براوەتە دەرەوە یان نا. جەختی لەوەش کردەوە، "رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێمە سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی رادەی زیانەکانە."
بەگوێرەی گوتەکانی عێراقچی، وڵاتەکەی هەموو تواناکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەک راگرتووە.
ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە، بەڵام پێش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشدارییان دابوو لەوەی تاران ئەگەری هەیە بتوانێت لە ماوەی چەند رۆژێکدا لانیکەم یەک کڵاوەی ئەتۆمی و، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا چەندین کڵاوەی ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت.
ئەمریکا پێشنیازی ئەوەی کردووە. ئامادەیە رێگە بە ئێران بدات توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەی کەم هەبێت، بەو مەرجەی بە هاوکاریی ئیمارات و سعودیە چاودێریی وردی بکات، بەڵام ئێران بەردەوام ئەم پێشنیازەی رەتکردووەتەوە.
ئێران رووبەڕووی سزای قورسی نێودەوڵەتی و سنووردارکردنی زیاتری چەک دەبێتەوە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب نەگاتە رێککەوتنێکی ئەتۆمی؛ بەڵام روون نییە ئایا ئەو رێککەوتنە دەبێت ئەمریکاش بگرێتەوە یان تەنیا وڵاتانی ئەورووپیی وەک فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا کە بە E3 ناسراون.
بڕیارە بەرپرسانی ئێران رۆژی سێشەممە لەگەڵ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی واتە رووسیا و چین، کۆببنەوە. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا کۆببنەوە.
نیسانی ئەم ساڵ تاوەکو هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران لە 13ی حوزەیران، واشنتن و تاران 5 گەڕی دانوستاندنیان کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کات و شوێنێک بۆ بەڕێوەچوونی هیچ گەڕێکی دیکە دیارینەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ