لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە بانە ئەفسەرێکی ئێرانی کوژرا

22-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە ناوچەیەکی سنووریی شاری بانە لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەفسەرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنووری بانە کوژرا.
 
رۆژی سێشەممە، 22ی تەمموزی 2025، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەو ئەفسەرە شەوی رابردوو لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژراوە.
 
فەرج روستەمی، فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە دەڵێت، "شەوی رابردوو لە کاتێکدا هێزەکانی پاسەوانیی سنووری لە ناوچەیەکی سنووریی شاری بانە خەریکی چاودێری و کۆنترۆڵکردنی سنوور دەبن، رووبەڕووی گرووپێکی دژبەر دەبنەوە و پێکدادان لە نێوانیاندا دروست دەبێت."
 
بە گوتەی فەرج رۆستەمی، لە پێکدادانەکەدا ئەفسەرێک بە ناوی سینا سەتاروەند دوای ئەوەی بە سەختی بریندار دەبێت، گیانی لەدەستداوە.
 
فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە ئاماژە بەوەش دەکات، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانیان لە هەوڵەکانیان بۆ دەستبەسەرکردنی هێرشکارەکان بەردەوامن.
 
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئێرانییە، ئاماژە بە ناوی ئەو گرووپە چەکدارییە نەکردووە، کە هێزەکانیان پێکدادانیان لەگەڵیدا هەبووە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە