پزیشکیان: ئەوانەی بەڵگەیان لەسەر ناڕەزاییەکان هەیە بیخەنەڕوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، فەرمانی دەرکردووە بۆ ئەوەی لەبارەی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانە و هەموو رەهەندەکانی، لێکۆلینەوەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن بکرێت. گوتیشی، ئەوانەی بەڵگەیان لەسەر رووداوەکان هەیە، بەڵگەکانیان بخەنەڕوو.
 
مەسعود پزیشکیان، رۆژی یەکشەممە لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا لە تاران باسی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی کردەوە و رایگەیاند، "فەرمانێک بۆ لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە و بێلایەن لە هەموو لایەنەکانی رووداوەکانی ئەم دواییە دەرچووە."
 
مەسعود پزیشکیان گوتی: "داوا لەو کەس و گرووپانە دەکەم کە بەڵگەیان لەوبارەیەوە هەیە، بەڵگەکانیان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی هەموو رەهەندەکانی بابەتەکە تیشکی بخرێتە سەر و روون بکرێنەوە."
 
پزیشکیان جەختیشی کردەوە، لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا "ئەگەر هەر هەڵەیەک بدۆزرێتەوە، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر."
 
سەرۆککۆماری ئێران دانی بەوەدانا کە بەشێکی ناڕەزایەتیی خەڵک بەهۆی ئەدای دامودەزگە حکومییەکانەوەیە و رایگەیاند، پێویستە لە داڕشتنی سیاسەت و بڕیارەکاندا بنەماکانی دادپەروەری، کارایی و کوالێتی لەبەرچاو بگیرێن.
 
ناڕەزایی و خۆپێشاندانەکانی ئێران رۆژی 28-12-2025 لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر هەموو وڵاتی گرتەوە و توندوتیژی لێکەوتەوە.
 
حکومەتی ئێران رایگەیاندووە، لە ناڕەزاییەکاندا سێ هەزار و 117 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەڵێت، بەشێکی زۆریان هێزە ئەمنییەکان و کەسانی سڤیڵن کە لە لایەن تیرۆریستەکانەوە کوژراون کە لە نێو خۆپێشاندەران خۆیان حەشاردابوو.
 
بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران ئامارەکان و بانگەشەکانی حکومەت رەتدەکەنەوە و دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان توندووتیژی لە رادەبەدەریان بەرامبەر خۆپێشاندەران بەکارهێناوە و بە پێی دوایین ئامار کە لەلایەن ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوکراوەتەوە، تاوەکو ئێستا کوژرانی زیاتر لە حەوت هەزار کەسیان بۆ پشتراست کراوەتەوە و زیاتر لە 25 هەزار کەسیش بریندار بوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە