توانای کڕینی کرێکارانی ئێران بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی میدیای ئێران دەڵێ، لە کاتی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیانەوە وەک سەرۆککومار، سەبەتەی بژێوی کرێکاران دوو بەرامبەر گران بووە و بەو جۆرەش توانای کڕینی کرێکاران بۆ کەمتر لە نێوە دابەزیوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە 28ی تەمموزی 2024ەوە نرخی سەبەتەی خۆراک بۆ کرێکاران 10 ملیۆن و 973 هەزار تمەن بوو، بەڵام دوای لادانی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کڕینی خۆراک، نرخی ئەو سەبەتەیە گەیشتووەتە 23 ملیۆن و 691 هەزار تمەن.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە 18 مانگدا سەبەتەی بژێوی کرێکاران 116٪ گران بووە و 13 ملیۆن تمەن چووتە سەر سەبەتەی خۆراک.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، لەو 18 مانگەدا مووچەی کرێکاران بەراورد بە سەردەمی حکومەتی پێشوو 45٪ زیادکراوە، بەڵام توانای کڕینی کرێکارانی ئێران بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە.
 
پار مووچەی کرێکارێک کە خیزانێکی سێ کەسی هەیە 10 ملیۆن و 892 هەزار بوو، دوای زیادکردنی بە رێژەی 45٪ ئەم ساڵ بۆ 15 ملیۆن و 312 هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.
 
سەبەتەی خۆراک لە 11 مادەی سەرەکی لە خۆراک پێکدێت، لەوانە گوشتی سوور، مریشک، هێلکە، شیرەمەنییەکان، روون، برنج، شەکر، ماکارونی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە