نرخی تیکتی شەمەندەفەر لە ئێران 25٪ زیادکرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ دووەمین جار لە کەمتر لە 8 مانگدا، نرخی تیکتی شەمەندەفەر لە ئێران بە رێژەی 25٪ زیادکرا. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی هێڵی ئاسنینی ئێران دەڵێت، داواکرابوو نرخی تیکتی شەمەندەفەر 80٪ بەرزبکرێتەوە، بەڵام بڕیار لەسەر زیادکردنی بە رێژەی 25٪ دراوە.
 
عەلی قەنبەرزادە، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییە گشتییەکانی هێڵی ئاسنینی ئێران بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای گواستنەوە بڕیاریداوە نرخی تیکتی شەمەندەفەر لە سەرانسەری ئێران بە رێژەی 25٪ زیاد بکرێ.
 
عەلی قەنبەرزادە گوتی: "لە لایەن کۆمپانیاکانەوە پێشنیاز ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای گواستنەوەی ئێران کرابوو بۆ ئەوەی نرخی تیکتی شەمەندەفەر بە رێژەی 80٪ بەرز بکرێتەوە، بەڵام دوای تاوتوێکردنی پێشنیازەکە لە لایەن ئەنجوومەنەکەوە، رەزامەندی لەسەر زیادکردنی بە رێژەی 25٪ درا."
 
قەنبەرزادە گوتیشی، لە 20ـی شوباتی ئەم ساڵەوە بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تیکتی شەمەندەفەر بە نرخی نوێیەوە دەفرۆشرێ.
 
جەواد ساداتی، ئەندامی ئەنجوومەنی گواستنەوەی سەرنشین بە شەمەندەفەر دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە لەم کەرتەدا کە تێچووی دابینکردن و نۆژەنکردنەوەی ئامێرەکان، مووچە و حەقدەستی فەرمانبەران و هەروەها پێشکێشکردنی خزمەتگوازی بۆ سەرنشینەکان لەخۆدەگرێ، کۆی گشتیی تێچووی گەشت لە رێگەی شەمەندەفەر و هێڵی ئاسنینەوە زیاتر بووە، بۆیەش بڕیار لەسەر زیادکردنی تیکتی شەمەندەفەر بە رێژەی 25٪ دراوە.
 
بە گوتەی جەواد ساداتی، بەو بڕیارە نوێیە نرخی تیکتی شەمەندەفەری تاران-مەشهەد لە 900 هەزار تمەنەوە بۆ یەک ملیۆن و 250 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
 
ئەمە دووەمین جارە لە کەمتر لە 8 مانگدا نرخی تیکتی شەمەندەفەر لە ئێران گران دەکرێ.
 
جاری یەکەم لە لە 07-07-2025 بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای گواستنەوەی ئێران، تیکتی شەمەندەفەر لەو وڵاتە بە رێژەی 30٪ زیادکرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە