رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئێران رایگەیاند، محەممەدڕەزا سدیقی سابر، زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا لە پارێزگای گیلان لە باکووری ئێران کوژراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی حوزەیرانی 2025 تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو زانا ئەتۆمییە شەوی رابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆسەر ماڵێک لە شاری ئاستانەی ئەشرەفییەی سەر بە پارێزگای گیلان کوژراوە.
رۆژنامەی فەرمیی زمانحاڵی حکومەتی ئێرانیش دەڵێت، محەممەدڕەزا سدیقی سابر لە ماڵی خەزووریدا بووە لە شاری ئاستانەی ئەشرەفییە، بەڵام شەوی رابردوو ماڵەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج و ئەو زانا ئەتۆمییە لە ئەنجامی هێرشەکەدا کوژراوە.
بەپێی میدیای ئێران، چەند رۆژ لەمەوبەر، ماڵی ئەو زانا ئەتۆمییە لە شاری تاران لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج، بەهۆیەوە کوڕە تەمەن 17 ساڵانەکەی بەناوی حەمیددڕەزا سدیقی سابر کوژرا.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، دوو مانگ پێش ئێستا ناوی ئەو زانا ئەتۆمییەی ئێرانی خستبووە لیستی سزاکانیەوە و رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەوەی رۆڵی لە فراوانکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمدا هەبووە، سزا دراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ