رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی زیندانەکانی ئێران رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی مافەکانیان و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی فریاکەوتن، ئەو سزادراوانەی لە زیندانی ئێڤین بوون، بۆ زیندانەکانی دیکەی پارێزگای تاران گواستراونەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دامەزراوەکە، پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییەکان لە کاژێرە سەرەتاییەکانی دوای هێرشێکی ئیسرائیل بووە بۆ سەر دەروازەی سەرەکیی زیندانەکە.
دامەزراوەی زیندانەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، بە رێوشوێنی پێویست کە لەلایەن بەرپرسانەوە گیراوەتەبەر، زیندانییە گواستراوەکان پەیوەندییان بە خانەوادەکانیانەوە کردووە و شوێنی نوێی راگرتنیان پێ راگەیاندوون، پرۆسەکەش بەردەوامە.
هاوکات مونتەزێر ئەلمەهدی، گوتەبێژی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، دوو مووشەک، کە دوێنێ ئاراستەی دەوروبەری زیندانی ئێڤین کرابوون و نەتەقیبوونەوە، پووچەڵکرانەوە.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیس: "تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمبی پۆلیس بە هەوڵ و وریاییەوە مووشەکەکانیان پووچەڵکردووەتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام".
هەر ئەمڕۆ ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئیران رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 23-06-2025 بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەشێک لە زیندانی ئێڤین، بەشێکی باڵەخانەی کارگێڕیی زیندانەکە رووخا. لە ئەنجامی ئەو رووخانەدا، ژمارەیەک لە کارمەندانی کارگێڕی، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانیان کردبوو و هەروەها کەسوکاری زیندانیان و خودی زیندانییەکانیش بریندار بوون، هەروەها کوژراویشیان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ