ئێران واز لە پیتاندنی یۆرانیۆم دەهێنێت؟

25-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل لە هێرشەکەی بۆسەر ئێران، لەنێوبردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی بوو. ئەمریکاش لە رێگەی بۆردوومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانەوە بەشداریی لە گەیشتن بەو ئامانجە کرد، بەڵام بەرپرسانی تاران هەڕەشەی بەردەوامیدان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەیان دەدەن، سەرەڕای ئەو هێرشە زۆرانەی کرانە سەر پێگە ئەتۆمییەکانیان.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و پرسە نێودەوڵەتییەکان، کە بارەگاکەی لە واشنتنە، داهاتووی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران پەیوەندیدارە بە چەند پرسێکەوە، یەکێکیان پاڵپشتیی چین و رووسیایە بۆ ئەو وڵاتە.
 
ئیسرائیل: 14 زانا و پسپۆڕی ئەتۆمیی ئێرانمان کوشتووە
 
رۆژی 13ی حوزەیران، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی ژمارەیەک پێگەی سەربازی و ئەتۆمی لە ئێران کرد. لە زەویشەوە، دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان کرد. بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لەو رۆژەدا 9 زانا و پسپۆڕی ئەتۆمیی ئێرانیان کوشتووە.
 
رۆژی 23ی حوزەیران، جۆشوا زەرکا، باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانیان بۆسەر ئێران 14 زانا و پسپۆڕی پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەیان کوشتووە. رۆژێک دواتر، میدیای فەرمیی ئێران کوژرانی زانایەکی دیکەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی راگەیاند. بەمەش بەگوێرەی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە بێت، 12 زانا و پسپۆڕی ئەتۆمییان کوژراون.
 
زانا و پسپۆڕە ئەتۆمییەکانی ئێران، کە لە 13ی حوزەیرانەوە کوژراون:
 
1. ئەمیرحسێن فیقهی
2. عەبدولحەمید مینوچێهر
3. فەرەیدوون عەباسی دوانی
4. محەممەدمەهدی تێهرانچی
5. ئەکبەر مەتڵەبیزادە
6. ئەحمەدڕەزا زوڵفەقاری
7. سەعید بورجی
8. مەنسوور عەسکەری
9. عەلی بەکایی کەریمی
10. محەممەدڕەزا سەدیقی سابیر
11. ئیسار تەباتەبایی
12. عەلی باکۆیی کەتریمی
 
باڵیۆزی ئیسرائیل لە فەرەنسا دەشڵێت، "راستیەکە ئەوەیە کە بە نەمانی ئەو زانایانە پڕۆگرامەکەمان چەند ساڵێک دواخست". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پسپۆڕە ئەتۆمیانەی کوژراون سەرکردەی پڕۆگرامە ئەتۆمیەکەی ئەو وڵاتە بوونە و ئەوان پلانداڕێژەر و جێبەجێکاری پڕۆگرامەکە بوون.
 
جگە لە زانا ئەتۆمییەکانی ئێران، ئیسرائیل بە پلە یەک و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاواش دەیانویست تەواوی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە لەنێو ببرێت. بۆ ئەو مەبەستە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025، سوپای ئەمریکا لەژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی چەکووشی نیوەشەو" هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فوردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، کە سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمیی ئێرانن.
 
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بووە هۆی لەنێوبردنی توانا ئەتۆمی و پڕۆگرامەکەی تاران، بەڵام بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپا بۆچوونێکی دیکەیان هەیە. 
 
دوای ئۆپەراسیۆنەکە دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، "بۆردوومانەکان ناتوانن ئەو ئەزموونەی کە ئێران لە چەند دەیەی رابردوودا پەیایکردووە و ویستی رژێم بۆ بەکارهێنانی ئەو ئەزموونە و دروستکردنی چەکی ئەتۆم لەنێو ببەن."
 
جگە لەو سێ بنکە ئەتۆمییەی ئێران، کە لەلایەن ئەمریکاوە هێرشیان کرایەسەر، ئێران خاوەنی بنکەیەکی دیکەشە لە شاری بووشەهر لە باشووری تاران، بەڵام ئەو بنکەیەیان تایبەتە بە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا. بنکەکە ساڵی 2014 لەلایەن رووسیاوە دروستکرا و هەر خۆشیان بەڕێوەی دەبەن.
 
ئێران: پڕۆگرامی ئەتۆمیمان چالاک دەکەینەوە
 
رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی 2025، محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی ئاژانسی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە زیانی بۆردوومانەکان دەکەن و ئامادەکاریی پێویستیشیان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە بنکە ئەتۆمییەکان کردووە.
 
بە گوێرەی راپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و پرسە نێودەوڵەتییەکان، کە بارەگاکەی لە واشنتنە، چالاککردنەوەی پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران کارێکی ئەستەم  نییە. لە راپۆرتەکەی ئەواندا هاتووە، یەکێک لەو رێگایانەی ئێران دەکرێت پەنای بۆ ببات نۆژەنکردنەوەی بنکەی ئەتۆمی فوردۆیە.
 
بنکەی ئەتۆمی فوردۆ بە یەکێک لە پارێزراوترین بنکە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە دادەندرێت و نزیکەی 100 مەتر لە ژێر زەویدا دروستکراوە. ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت کە تەنیا فرۆکەی شەبەحی ئەمریکی توانای زیانگەیاندنی بەو پێگەیە هەیە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، یەکێکی دیکە لەو رێگایانەی ئێران دەیگرێتەبەر کشانەوەیە لە رێککەوتننامەی قەدەخەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش ئەگەر چین و رووسیا پاڵپشتی ئێران بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە