نرخی دۆلاری گەشتکردن لە ئێران زیادکرا

25-10-2025
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران نرخی ئەو دۆلارەی بەرز کردەوە کە بۆ گەشتکردن دەیفرۆشێت بەو کەسانەی لەو وڵاتەوە گەشتی دەرەوەی وڵاتەکە دەکەن.
 
میدیاکانی ئێران لە زاری ئەو کەسانەی دۆلارەکەیان کڕیوە بڵاویانکردەوە، نرخی هەر دۆلارێکی گەشتکردن لە نزیکەی 72 هەزار تمەنەوە بەرزکراوەتەوە بۆ نزیکەی 101 هەزار تمەن. تاوەکو ئێستا حکومەت و بانکی ناوەندیی ئێران بە فەرمی زیادکردنی نرخی دۆلاری گەشتکردنیان رانەگەیاندووە.
 
نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا ئێستا بە نزیکەی 107 هەزار تمەنە و جیاوازی نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد و دۆلاری حکومی بۆ گەشتکردن زۆر کەمبووەتەوە. 
 
حکومەتی ئێران لە فڕۆکەخانەدا بڕی 500 دۆلار بە نرخی دیاریکراو بۆ دۆلاری گەشتکردن دەداتە ئەو کەسانەی سەردانی دەرەوەی وڵاتەکە دەکەن. 
 
پێشتر بۆ هەر گەشتیارێک هەزار دۆلار دەدرا، بەڵام دوای ئەوەی قەرەباڵخی زۆر لە بەردەم لقەکانی بانکی نێو فڕۆکەخانەکانی تاران دروستبوو و بەشێک لەوانەی تکتی فڕۆکەیان وەرگرتبوو دوای وەرگرتنی دۆلارە حکومییەکە، گەشتەکەیان هەڵدەوەشاندەوە و دۆلارەکەیان لە بازاڕی ئازاددا دەفرۆشتەوە، بڕی دۆلاری گەشتکردن بۆ 500 دۆلار کەمکرایەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە