رووداو دیجیتاڵ
سێیەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو. وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بۆچوونی جیاوازییان لەبارەی شێوازی رێککەوتن و وردەکارییەکەیەوە هەبووە.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی ئێران بۆ گفتوگۆی ئەتۆمی لەگەڵ شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکابۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مەسقەت کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هەڵوێستی هەردوو وڵات و چۆنیەتی رێککەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تارانەوە بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی گوت، "جیاوازی لەسەر کێشە گەورەکان و وردەکارییەکان" لەنێوان هەردوولادا هەیە. دەشڵێت، "دانوستاندنەکانی ئەمجارە زۆر لە پێشتر جدیتر بوون".
رۆژانی 12ی ئەم مانگە لە مەسقەت و 19ی ئەم مانگە لە رۆما، ئەمریکا و ئێران یەکەم و دووەم گەڕی دانوستاندنیان لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئێرانەوە کرد.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ترەمپ بەو مەرجەی ناوی ئاشکرانەکرێت رایگەیاند، "دوایین گەڕی دانوستاندنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زیاتر لە چوار کاژێری خایاند. کاری زۆر ماوە بیکەین بەڵام پێشڤەچوون بۆ رێککەوتن هەبوو". دەشڵێت، "رەزامەند بووین کە بەم نزیکانە لە ئەورووپا کۆببینەوە و سوپای هاوبەشە عومانیەکامان دەکەین بۆ هاوکاربوون لەو گفتوگۆیانەدا". ئەو بەرپرسە ئەمریکیە ئاماژەی بەوەش کرد، دانوستاندنەکە "ئەرێنی و بنیاتنەر" بوو.
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە ئێکس بڵاویکردەوە، "هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئاستێکی باڵاتر بەردەوام دەبن کە بەشێوەیەکی کاتی رۆژی سێی ئایار دیاریکراوە".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو کۆبوونەوەی داهاتوو، لە پایتەختەکان شیکردنەوەی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان دەکرێت ". جەختیشی لەوە کردەوە، "پێموایە پێشڤەچوونی زۆرباشمان هەبووە. لە پرۆسە و خێرایی دانوستاندنەکان رازیم."
کۆبوونەوەی ئەم جارە زیاتر تەکنیکی بوو. لە شاندنی ئەمریکی میشێل ئەنتۆن، بەرپرسی سیاسەتی پلاندانانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرۆکایەتیی لایەنی تەکنیکی شاندە ئەمریکیەکەی کرد. هەروەها، لە لایەنی ئێرانیش کازم غەریبابدی و ماجید تاخت، جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی لایەنی تەکنیکی شاندی ئێرانیان کرد.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، شاندەکان لە دوو ژووری جیاواز بوون و بە نووسین قسەیان لەگەڵ یەکدا کرد. بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێران، هەردوولا ژمارەیەک داوایان لە یەکدی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆ لەبارەی توانا بەرگریی و مووشەکییەکانی وڵاتەکەیەوە نەکرا. بە گوێرەی میدیای فەرمی ئێرانیش کە پشتی بە گوتەی ئەندامێکی شاندی دانوستاندکاری وڵاتەکەی بەستووە، ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەی سزاکان و پرسی ئەتۆمی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ