عەلی خامنەیی: بەرنامە سەربازی و زانستییەکانی ئێران خێراتر گەشەیان پێدەدرێت

26-07-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، "لەدەستدانی فەرماندە سەربازییە باڵاکان و زانا ئەتۆمییەکان زیانێکی گەورەیە، بەڵام دووژمن نەگەیشتە ئامانجەکانی." عەلی خامنەیی حەوت بەرپرسیارێتیش دەخاتە بەردەم چینە جیاوازەکانی ئێران.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی نووسراودا، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 40 رۆژ بەسەر کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندەی سەربازی و زانا ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، "ئەو گورزە لە لایەن چینی دەسەڵاتداری تاوانباری زایۆنییەوە کە دووژمنی قێزەون و رق لە دڵی گەلی ئێرانە، بەرکەوت."
 
خامنەیی گوتی، "لەدەستدانی فەرماندەکانی وەکو باقری، سەلامی، رەشید، حاجیزادە، شادمان و کەسانی دیکە، هەروەها زاناکانی وەکو تەهرانچی، عەباسی و زاناکانی دیکە، بۆ هەر گەلێک زیانێکی قورسە. بەڵام دووژمنی نەزان و کورتبین نەگەیشتە ئامانجەکانی."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت، "لەدەستدانی ئەو کەسانە بۆ گەلی ئێران، بنەماڵەکانیان و ئەوانەی لە نزیکەوە دەیانناسین، سەخت، تاڵ و قورسە"؛ جەختیشی لەوە کردەوە، بەرنامە سەربازی و زانستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران "خێراتر لە جاران بەرەو ئاسۆیەکی روون بەرەو پێشەوە دەچن."
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوتنی "دووژمنانی ئێران ئاسنی سارد دەکوتن" ئاماژە بە وەڵامی ئێران لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "خۆڕاگری، ئارامگرتن و بەهێزیی ورەی رزگاربووان، کۆڵنەدان و خۆڕاگریی دامودەزگە سەربازییەکان کە نەیانهێشت هیچ وەستانێک لە کارەکانیاندا دروست بێت و هەروەها شکۆمەندیی یەکێتی و یەکگرتوویی گەلی ئێران" سێ خاڵی گەش و درەوشاوەی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلن.
 
13ی حوزەیران، ئیسرائیل هێرشێکی گەورەی کردە سەر پێگە سەربازی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران. لەو شەرەدا کە 12 رۆژی خایاند، ئیسرائیل بەتایبەتی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی کردە ئامانج و ژمارەیەک فەرماندەی باڵا و زانای ئەتۆمیی ئەو وڵاتەش لە هێرشەکاندا کوژران. 
 
لە 22ی حوزەیرانیش، ئەمریکا چووە نێو جەنگەکە و بۆردوومانی دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ژێرزەوی لە فۆردۆ لە باشووری تاران و دوو دامەزراوەی دیکەی ئەتۆمی لە ئیسفەهان و نەتەنز کرد.
 
رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران حەوت بەرپرسیارێتی دەخاتە بەردەم بەرپرسان و خەڵکی ئێران و دەڵێت: "خێراکردنی پێویست لە پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا لە هەموو بوارەکاندا ئەرکی چینی زانستییە، پاراستنی شکۆ و ناوبانگی نیشتمان و میللەت ئەرکی بێوچانی قسەکەر و نووسەرانە، ئامادەکردنی وڵات بە ئامرازەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەربەخۆیی ئەرکی فەرماندە سەربازییەکانە، جیدیبوون و بەدواداچوون و هێنانەدی کارەکانی وڵات ئەرکی هەموو دەزگا جێبەجێکارەکانە، رێنمایی رۆحی و رۆشنکردنەوەی دڵ و ئامۆژگاریکردنی خەڵک بۆ ئارامی ئەرکی پیاوانی ئایینییە، پاراستنی حەماسەت و هۆشیاری شۆڕشگێڕانە ئەرکی هەریەکێکمانە بەتایبەتی گەنجان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی.

سوپای پاسداران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی گەڕی 44ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" بە درووشمی "یا شدید العقاب"، بە لێشاوی مووشەکی "خەیبەرشکن" کە کێشی کڵاوە جەنگییەکانیان یەک تۆنە، چەندین ئامانجیان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئیلات کراونەتە ئامانج.