رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ''هێنانە ژوورەوە و بەکارهێنانی مۆبایل لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا رێگەپێدراو نییە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر پرسە ئەمنییەکانی وڵاتەکەش چارەسەر بکرێن، هێشتا سەرۆکایەتیی پەرلەمان رێگە بە هێنانە ژوورەوەی مۆبایل نادات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-07-2025، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنێکی ئاسایی پەرلەمانی وڵاتەکەدا، داوای پەرلەمانتارێکی بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری رێگریکردن لە هێنانە ژوورەوەی مۆبایل بۆ هۆڵی پەرلەمانی رەتکردەوە.
پەرلەمانتارەکە حەمید گودەرزی، لە پشکی شاری ئەلیگودەرزی لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو و لە داواکەیدا گوتی، ''پێنەبوونی مۆبایل، گرفتی بۆ پەرلەمانتاران دروستکردووە، خەڵک چاوەڕوانییان لە ئێمە هەیە، دەبێ وەڵامیان بدەینەوە، داوا دەکەین سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکات.''
محەممەدباقر قالیباف لە وەڵامی داواکاریی پەرلەمانتارەکەدا رایگەیاند، ''بابەتی هێنانە ژوورەوەی مۆبایل لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان خراوەتە بەر باس، ئەگەر پرسە ئەمنییەکانیش لەبەرچاو نەگیرێن، ئێمە خۆمان ئەرکی دەرکردنی یاسامان لە ئەستۆیە، نابێ مۆبایل بەکاربهێنین.''
دوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ، بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی ئێران، بەکارهێنانی مۆبایلیان بە هۆکاری دۆزینەوەی شوێنی بەرپرسانی سەربازی و زانا ئەتۆمییەکان، هەروەها بەئامانجگرتنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە زانی، بۆیە هۆشدارییان بە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان و پەرلەمان دا، لە کاتی کۆبوونەوەکاندا مۆبایل بەکارنەهێنن.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''تەنانەت ئەگەر پرسە ئەمنییەکانی وڵاتیش چارەسەر بکرێن، بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەر نەهێنانە ژوورەوەی مۆبایل دەبێت بۆ دانیشتنەکان.''
محەممەدباقر قالیباف لەبارەی پاساوی حەمید گودەرزی بۆ وەڵامدانەوەی خەڵک ئەوەی خستەڕوو، ''خەڵکیش دەبێ بزانن کاتێک پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەدان، ناتوانن مۆبایل بەکاربهێنن، بەڵکو پێویستە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، بێگومان ئەوانیش لەو بابەتە تێدەگەن.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ