فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران: جگە لە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانمان بژاردەیەکی دیکەمان نییە

27-08-2025
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران رایگەیاند، جگە لە بەهێزکردن و پتەوکردنی توانا سەربازییەکانیان هیچ رێگە و بژاردەیەکی دیکەیان نییە. جەختیشی کردەوە، "بۆ پاراستنی خۆمان و گەلەکەمان پێویستمان بە سوپایەکی بەهێزترە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئابی 2025 ئەمیر حاتەمی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران (ئەرتەش) لە رێورەسمێکدا لە زانکۆی پزیشکیی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "سوپا ئەرکی گەورەی پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانی لەئەستۆیە. ئەو ئەرکە بۆ سوپای هەموو وڵاتانی جیهان گرنگە، بەڵام لە ئێران بەهۆی پێگەی ستراتیجی و جیۆپۆلەتیکیی وڵاتەکەمان، ئەرکەکە گرنگترە، بەتایبەت لەم دۆخە تایبەتەی وڵاتەکەمانی تێدایە."
 
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران گوتی، "ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە رژێمێکی داگیرکەر و منداڵکوژی لێیە و سیاسەتی ئەوەیە کە نابێت هیچ وڵاتێک سەرووتر و بەهێزتر لە خۆی بێت. لە جیهانیکدا دەژین کە ئەوەی بانگەشەی هێز دەکات، ئاشتی لە رێگەی هێزەوە دەوێت، واتە خۆرادەستکردنی بێ پرسیار."
 
ئەمیر حاتەمی دەڵێت، "لە جیهانێکی ئاوادا، هیچ رێگە و بژاردەیەکمان نییە جگە لە بەهێزکردن و پتەوکردنی توانا سەربازییەکانمان. بۆ پاراستنی خۆمان و گەلەکەمان پێویستمان بە سوپایەکی بەهێزتر هەیە."
 
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ئاماژەی بە جەنگی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل کرد و گوتی، پیچەوانەی هەموو رێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدا هێرش کرایە سەریان کە بەرپرسەکانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان خەریکی دانوستاندن بوون.
 
چەند رۆژ لەمەوبەریش، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران هۆشداری دابوو لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێکی نوێ بۆ سەر وڵاتەکەی و رایگەیاندبوو، "پێویستە دوژمن بزانێت رۆڵە ئازاکانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەن هەروەکو پێشتر بە هەموو هێز و تواناکانیانەوە و بە مەبەستی سزادان، وەڵامێکی توند و پەشیمانکەرەوەی هەر دوژمن و لایەنێک بدەنەوە کە بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران بکات."
 
ئەمیر حاتەمی هەروەها گوتبووی: "پێویستە سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە خۆی نوێ بکاتەوە و سوود لە ئەزموونە بەنرخەکانی شەڕەکانی رابڕدوو، بە تایبەت جەنگی 12 رۆژە وەربگرێت، بۆ ناسینی دوژمن، هەڕەشە و مەترسییە نوێیەکان و باشترکردنی کارامەیی خۆی."
 
لە 13ی حوزەیرانی 2025، جەنگێکی 12 رۆژە بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد و ئێرانیش بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو وەڵامی دایەوە.
 
رۆژی 22ی حوزەیران، ئەمریکا بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگەکە و هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. 24ی حوزەیرانیش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی راگەیاند و ئاگربەستەکە لە رۆژی 25ی حوزەیرانەوە کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی هەڵدانی مووشەکی ئێرانی.

سوپای پاسداران هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا راگەیاند

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە چوارچێوەی گەڕی 44ـەمینی ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راستگۆی 4" بە درووشمی "یا شدید العقاب"، بە لێشاوی مووشەکی "خەیبەرشکن" کە کێشی کڵاوە جەنگییەکانیان یەک تۆنە، چەندین ئامانجیان لە نێو خاکی ئیسرائیل پێکاوە. بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ناوچەکانی تەلئەڤیڤ، قودسی رۆژئاوا و ئیلات کراونەتە ئامانج.