رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، رایگەیاند ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بە خێرایی حەیفا و تەلئەبیب لەگەڵ خاک تەخت دەکرێن.
ئەڤیڤ کوخاڤی، سەرۆکی ناوەندی سوپای ئیسرائیل شەوی سێشەممەی رابردوو سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی رایگەیاند: "ئیسرائیل پلانی ئامادەی هەیە و ئەگەر پێویست بکات هێرش دەکاتە سەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران".
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران، سوپای ئیسرائیلی وەک سوپایەکی "دۆڕاو و مایەپووچ" وەسفکرد و گوتی: پلانی هێرش بۆ سەر ئێران "یان شەڕی دەروونی یان وەهمە".
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت: ئەگەر پلانەکە راست بێت، دیارە کە هێشتا درکیان بە توانای هێزە چەکدارەکانی ئێران نەکردووە و گوتی: "ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر ئێران، بە خێرایی حەیفا و تەلئەبیب لەگەڵ خاک تەخت دەکرێن".
ئەو هەڕەشەی ئێران لە کاتێکدایە ئیسرائیل زوو زوو هێز و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران یان بەستراوە بە ئێرانی لە سووریا کردووەتە ئامانج، بەڵام ئێران هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەداوە.
ئیسرائیل پێیوایە رێککەوتنی ئەتۆمی رێگری لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی نائەمنی لە ناوچەدا ناکات.
ئانتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ گابی ئەشکەنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەڕێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆی کرد.
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل هەردوو وەزیر بابەتە ستراتژییەکان، بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی، هەڕەشەی ئێران و بابەتەکانی دیکەیان تاوتوێ کردووە.
روانگەی حکومەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی جیاوازە لەگەڵ روانگەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەمەش بەرپرسانی ئیسرائیلی نیگەران کردووە کە ئەمریکا دیسان بگەڕێتەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی.
رێککەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2015 لەنێوان وڵاتانی پێنج کۆ یەک و ئێران واژۆکرا، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگیرێن و ئێرانیش چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار بکات. بەڵام ساڵی 2018 حکومەتی دۆناڵد ترەمپ لەم رێککەوتنە کشایەوە و دیسان گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ