رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژران.
ئەمڕۆ دووشەممە 16-12-2025، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگەی قودسی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو ژمارەیەک چەکدار لە دەروازەی شاری "فەهروج" لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزە ئەمنییەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران، دوای هێرشەکە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان چەکدارەکان و هێزەکاندا روویداوە و لە ئەنجامدا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییەکی سڤیل کوژراون.
دوای رووداوەکە هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ نەگرتووە.
ئەمە دووەم هێرشی خوێناوییە لەو پارێزگایە لەماوەی هەفتەیەکدا؛ رۆژی چوارشەممەی رابردوو 10-12-2025، لە ناوچەی سنووریی "لار"ـی سەر بە شاری زاهیدان، چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپای پاسداران و سێ پاسداریان کوشت.
گرووپی "جەیشولعەدل" کە گرووپێکی چەکداریی بەلووچەکانە و دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران چالاکی دەکات، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی هەفتەی رابردووی لە ئەستۆ گرت. ئەم گرووپە تاوەکو ئێستا چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان لە سنووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ