رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەردەوام پێشوازی لە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە دەکەن و وڵاتەکەیان ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییەک.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هێزە چەکدارە ئازاکانمان بە تەواوی ئامادەن و پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و یەکلاکەرەوە بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاک، ئاسمان و ئاوی وڵاتە خۆشەویستەکەمان."
عێراقچی گوتی:" ئێران هەمیشە پێشوازی لە رێککەوتنێکی ئەتۆمی دادپەروەرانە کردووە کە قازانجی هەردوولای تێدا بێت و لەسەر بنەمای یەکسانی بێت و دوور بێت لە هەر گوشار و هەڕەشە و ترساندنێک."
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی:" رێککەوتنێک کە مافەکانی ئێران بۆ تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئاشتیانە مسۆگەر بکات و گەرەنتی ئەوە بکات کە چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت."
عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد،" ئەم جۆرە چەکانە لە حیساباتی ئەمنی ئێمەدا جێگەیان نییە و هەرگیز هەوڵمان نەداوە بەدەستیان بهێنین."
ئەوە لە کاتاێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ هۆشداری دایە ئێران و گوتی "داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەم بە زووترین کات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و یەکسان کە تێیدا گەرەنتیی ئەوە بکرێ ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ دەڵێ: "کات خەریکە تەواو دەبێت و کات زۆر هەستیار [یەکلاییکەرەوە]ـیە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی دا، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە شکستی هەوڵەکانی پێشووی دانوستاندن لەگەڵ تاران کرد و گوتی: "پێشتریش پێم گوتن رێککەوتن بکەن، بەڵام نەیانکرد، ئەوە بوو ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو روویدا و وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتەوە."
چەکوشی نیوەشەو بریتییە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی لە مانگی حوزەیراندا ئەمریکا کردییە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ترەمپ هۆشداریی دەداتە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دەڵێ، ئەگەر بێت و جارێکی دیکە ناچار بە بەکارهێنانی هێز بن، ئەوا "هێرشی داهاتوو زۆر لەوەی پێشوو خراپتر دەبێت."
هەفتەی رابردوو ترەمپ رایگەیاند، هێزێکی دەریایی گەورەی بەرەو ئاوەکانی نزیک لە ئێران جووڵاندووە. سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوەکانی ئێران دەکەین، لەوانەشە ناچار نەبین ئەو هێزە بەکاربهێنین، بەڵام دەبینین چی روودەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ