رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانیان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا لانیکەم 200 سەرباز کوژراون و برینداربوون. ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەو وڵاتانەی کراونەتە ئامانج یان مووشەکیان تێدا کەوتووەتە خوارەوە، باس لە کوژرانی 5 کەس دەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 28-2-2026 بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییەی ئەمڕۆ کردیانە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، لانیکەم 200 سەرباز کوژراون و بریندار بوون.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک لە مووشەکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دوای ئەوەی نەیانتوانی بگەنە ئامانجەکانیان لە ناوچە بیابانییەکانی عێراق و وڵاتانی کەناراوی کەنداو کەوتوونەتە خوارەوە.
هاوکات راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسداران رایگەیاند، هێندە کەرەستەی سەربازییان لەبەردەستە کە دەتوانن چەندین ساڵ شەڕ بکەن.
سەردار جەباری، راوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسداران بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "لە دەستپێکی جەنگدا هەرچیەکمان لە کۆگەکان هەیە بەکاری دەێنین، بەڵام دواتر بەهێزترین مووشەکەکانمان بەکاردەێنین."
ئەم راگەیێندراوە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی میدیاکانی ئیمارات و سووریا، لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو دوو وڵاتە، تاوەکو ئێستا کەسێک لە ئیمارات و پێنج کەسیش لە سووریا کوژراون. وەک میدیای ئەو دوو وڵاتە ئاماژەیان پێکردووە، هیچکام لەو کوژراوانە سەرباز نین.
بەیانیی ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر ئێران دەستپێکرد و کەمێک دواتریش سوپای پاسداران دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ