رووداو دیجیتاڵ
نزیک کاژێر 09:00ی بەیانیی رۆژی شەممە 28ی شوبات، بە هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر چەند بنکە و ناوەندێکی ئەمنی و سەربازی، شەڕی دووەم لە نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل دەستیپێکرد. حکومەت و هێزە سەربازییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوی ئەو شوێنانەیان بڵاونەکردووەتەوە، کە کراونەتە ئامانج و هەروەها زەرەر و زیانەکانیشیان رانەگەیاندووە.
ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل
بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، لە دەستپێکی هێرشەکاندا نووسینگەی رێبەر، دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆمار، وەزارەتەکانی ئیتلاعات (هەواڵگری)، بەرگری، تەکنەلۆژیای زانیاری، بنکە و ناوەندە پیشەسازییە سەربازی، ئەتۆمی و مووشەکییەکان، نووسینگە و شوێنی مانەوەی فەرماندە باڵاکانی ئەرتەش و سوپای پاسداران، رێکخراوی وزەی ئەتۆم و هەروەها باڵەخانەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کراونەتە ئامانج.
هێرشەکان بە هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێک لە دەوروبەری شەقامی 'جمهوری'ی تاران دەستیپێکرد. ئەو شەقامە لە ناوەندی تارانە و شوێنێکی گرنگی ئابووری و بازرگانییە لەو وڵاتەدا، بەڵام ئەو کەس و دامەزراوانە دیار نین کراونەتە ئامانج. دواتر چەند ئامانجێک لە دەوروبەری شەقامی پاستۆر کراونەتە ئامانج. نووسینگە و شوێنی مانەوەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراوەی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە نزیک ئەو شەقامەن.
کردنە ئامانجی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران بە فەرمی پشتڕاست کراوەتەوە و محەممەد جەعفەر قائیمپەنا، جێگری جێبەجێکاری سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، هیچ زیانێک بە مەسعود پزیشکیان نەگەیشتووە. میدیاکانی ئێران لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی ئێرانیشەوە بڵاویان کردووەتەوە، غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتە سەلامەتە.
هەروەها چەند شوێنێک لە نزیک لە پرد و یەکتربڕی 'سەید خەندان'یش لە ناوچەی سێی تاران کراونەتە ئامانج. ژمارەیەک ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران، هەندێک بەشی وەزارەتی بەرگری، وەزارەتی پەیوەندییەکان و تەکنەلۆجیای زانیاری و هەروەها رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران لە دەوروبەری یەکتربڕی سەید خەندانن. هەروەها لە گەڕەکی چیتگەری نێوشاری تارانیش چەند شوێنێک کراونەتە ئامانج. لە دەماوەندی نزیک تارانیش بنکەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران کراوەتە ئامانج. هەروەها لە گەڕەکی نارمەک لە نێوشاری تاران، شوێنێک کراوەتە ئامانج.
کۆمەڵگەی پیشەسازیی سەربازیی پارچین لە باشووری رۆژهەڵاتی تارانیش کراوەتە ئامانج. لە پارچین جگە لە بنکەی ئەتۆمی، کارگەی دروستکردنی چەک و ناوەندی لێکۆڵینەوەی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران هەیە.
بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، دووکەڵی زۆر لەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج بەرزبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی زەرەر و زیانەکان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
بنکە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە ئامانج
جگە لە تاران، ژمارەیەک ئامانج لە پارێزگاکانی لوڕستان، کرماشان، سنە، ئیسفەهان، قوم، ئەلبورز (کەرەج) و ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز)، چابەهار لە سیستان و بەلوچستان، بەندەر عەباس و کیش لە پارێزگای هورموزگان، پارێزگای ئەردەبیل و پارێزگای فارس بنکەکانی بەرگری ئاسمانی و هەڵدانی مووشەک، سەربازگەکانی سوپای پاسداران و کۆگەکانی هێزە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج.
کردنە ئامانجی بنکەکانی هێزی ئاسمانی، فڕۆکەخانە، بەرگری ئاسمانی و سوپای پاسداران لە تەورێز و فڕۆکەخانەی دورگەی کیش پشتڕاست کراونەتەوە. قوتابخانەیەکی کچانە لە شاری مینابی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران کراوەتە ئامانج و تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 قوتابیی قۆناخی سەرەتایی پشتڕاست کراوەتەوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش چەند بنکەی سەربازی لە شارەکانی ورمێ، کرماشان و کەنگەڤەری پارێزگای کرماشان، دێڵڕانی ئیلام، سنە، کامێران و خوڕمئاوا کراونەتە ئامانج.
لە کەنگەڤەر بنکەیەکی مووشەکی و لە ورمێش بنکەی سەربازیی ئەلمەهدی ، کە سەر بە سوپای پاسدارانە، کراونەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا داوا لە خەڵکی ئێران دەکات، لە شوێن و ناوچە سەربازییەکان دوور بکەونەوە. لە پەیجی فەرمیی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسراوە، "هۆشداری بەپەلە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەنێو یان لە دەوروبەری پیشەسازییە سەربازییەکان و ژێرخانە سەربازییەکانی سەرتاسەری ئێرانن. ئێوە لە نزیک دامەزراوە و شوێنی سەربازیی مەترسیدارن و داواتان لێدەکەین، خێرا لەو شوێنانە دوور بکەونەوە."
داوا لە خەڵک دەکرێت تاران جێبهێڵن
سێ کاژێر دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە راگەیێندراوی ژمارە یەکدا رایگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی پێیان گەیشتووە، هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران و چەند شاری دیکە بەردەوام دەبێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئامادەکاری پێشوەختەیان بۆ ئەو هێرشە کردووە و هێزە چەکدارەکانی ئێران وەڵامی تووند بە هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە.
ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاندووە، قوتابخانە و زانکۆکان دەکرێنە پشوو و داوا لە خەڵک دەکات، ئەگەر بۆیان دەکرێت، تاران جێبهێڵن و بچنە شارەکانی دیکە، تاوەکو زیانیان پێ نەگات.
فەرمانبەرێکی حکومی لە تاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە فەرمانبەرانی حکومی و کەرتی تایبەت شوێنی کارکردنیان چۆڵکردووە. دەشڵێت، "قسە لەگەڵ هەر کەس دەکەی بە نیازە تاران جێبهێڵێت".
ئاژانسی تەسنیم نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران کۆنترۆڵی ئەمنیی هەموو ناوچەکانی تارانیان گرتووەتە دەست و هێزەکانیان بە نێو گەڕەکەکاندا دەسووڕێنەوە.
هێرشی ئەلیکترۆنی و سنووردارکردنی ئینتەرنێت
هاوکات لەگەڵ هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەپێی راپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، هێرشێکی بەرفراوانی ئەلکترۆنیش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی ئەو وڵاتە و هەندێک ماڵپەڕی فەرمی هاک کراون، لەنێویاندا ئیرنا، زمانحاڵی فەرمیی حکومەتی ئێران.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە، حکومەتی ئێران دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی سنووردار کردووە. دامەزراوەی نێت بلاکس کە چاودێری دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی ئازاد لە وڵاتانی جیهان دەکات بڵاویکردووەتەوە، دوای دەستپێکردنی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت لەو وڵاتە زۆر سنووردار کراوە و لە پچڕانی تەواو نزیک بووەتەوە."
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کاتێکدایە، نوێنەرانی تاران و واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا بە نێوبژیوانیی عومان چەندجار بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پرسی مووشەکی، ئەتۆمی و هەروەها هێزەکانی سەر بە تاران لە وڵاتانی ناوچەکە کۆبوونەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای راگەیاندنی هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران گوتی، ئەو هێرشە لە ئەنجامی شکستی دیپلۆماسی بووە و تاران هەموو دەرفەتەکانی رەتکردووەتەوە. داواشی لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد، چەک دابنێن و گوتی ئەگەر ئەوە نەکەن، مردن چاوەڕێیان دەکات.
لە کاردانەوە بە هێرشەکە، ئێران هێرشی مووشەکی کردووەتە سەر چەندین ئامانج لە هەولێر و وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل و رایگەیاندووە، هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ