رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند: ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوی تەقینەوەکەی بەندەری رەجایی بەندەر عەباسدا گیانیان لەدەستداوە، بۆ 70 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 28ی نیسانی 2025، مێهرداد حەسەنزادە، بەرێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان رایگەیاند، جگە لەوانەی لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە، 1210 کەسیش برینداربوون. هەزار و 72 کەسیان دوای چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە رەوانەی ماڵەوە کراون و ئێستا 138 بریندار لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون.
لەلایەکی دیکەوە، ناوی 23 قوربانی رووداوەکە کە تەرمەکانیان ناسراونەتەوە، لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای هورموزگانەوە بڵاوکرایەوە.
موجتەبا قەهرەمانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادوەریی پارێزگای هورموزگانیش رایگەیاند، تەرمی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەی بەندەری رەجایی دا گیانیان لەدەستداوە، بۆ دادپزیشکیی پارێزگاکە دەگوازرێنەوە، بۆ ئەوەی لە رێگەی توێکارییەوە ناسنامەیان بدۆزرێتەوە.
مەهدی فرووزش، جێگری بەڕێوەبەری دادپزیشکیی ئێرانیش داوا لە کەسوکاری بێسەروشوێنان دەکات، بۆ تاقیکردنەوەی دی ئێن ئەی سەردانی ناوەندەکانی دادپزیشکی لە پارێزگاکانیان بکەن، بۆ ئەوەی کاری ناسینەوەی تەرمەکان خێراتر ببێت.
رۆژی شەممە، 26ـی نیسانی 2025، لە بەندەری شەهید رەجایی سەر بە شاری بەندەر عەباس، ناوەندی پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران تەقینەوەیەکی گەورە روویدا و دواتر ئاگرێکی گەورە لە بەندەرەکە کەوتەوە، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئێران هێشتا هۆکاری رووداوەکەی بەندەری رەجایی بەندەرعەباسی ئاشکرانەکردووە و دیار نییە هۆکاری ئاگرگرتن و تەقینەوەکە چییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ